دەستەی لێپرسینەوەو دادوەری نزیکەی ۲۷۰ کاندیدی لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دوورخستەوە کە نۆ کاندیدی پارێزگای کەرکوکی تێدایە. بەپێی زانیارییەکان، کاندیدە دوورخراوەکان پێکهاتوون لە دوو کاندیدی کورد و دوو کاندیدی تورکمان و پێنج کاندیدی عەرەب و بەتۆمەتی جۆراوجۆر لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوور خراونەتەوە، لەوانەش "پەیوەندی بەڕژێمی پێشوو و گەندەڵی ئیداری و زیادەڕۆی بۆ سەر موڵکی گشتی و ساختە بوونی بڕوانامە و پێشینەی تاوان و حوکم". بەپێی بڕیارەکەی کۆمسیۆن، لە نێو کاندیدە دوورخراوەکان (کامیل ساڵەیی، پارتی، مەڕوە عەلی، تەقەدوم، زیاد فەهد، یەکێتی، حازر عەبدوڵا سەبعاوی، هاوپەیمانی عەزم، باسم غازی ئامرلی و هیشام عەبدولحەمید حسکەلی، هاوپەیمانی ڕزگاری تورکمان، حەمزە حەسەن سەباحی، حزبی عمران، غەسان حەمدانی و عەبدولکەریم عزیی، هاوپەیمانی حەسمی نیشتیمانی).