وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی ئاماژەبەوەدەكات، هۆكارێكی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار ئەوەیە كە عێراق بە دینار غاز لە ئێران دەكڕێت، ئێرانیش دیناری عیراقییەكە لەناوخۆی عێراقدا جارێكی دیكە دەگۆڕێتەوە بە دۆلار و ئەمەش وادەكات خستنەڕووی دینار زیاتر بێت. جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دراوەكەی سلێمانی رایگەیاند: نزمبوونەوەی پێشتری بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار لەماوەی رابردوودا، پەیوەندی بە رێكارەكانی بانكی ناوەندییەوە نەبوو، بەڵكو ئەنجامی كۆمەڵێك گەندەڵی و بازرگانی نادروستی نێوان بانكەكانی عیراق و هەندێك لە بازرگانەكان بوو، لەڕێگای جۆراوجۆرەوە پارەی زیاتریان بۆ دەرەوەی عیراق دەناردو جارێكی دیكە پارەكەیان هاوردەی عیراق دەكردەوەو لەبازاڕ دەیانفرۆشتەوە، ئەمەش دیناری عیراقی لە بازاڕدا كەم كردبووەوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی ئەوەیە كە عێراق بە دینار غاز لە ئێران دەكڕێت، ئێرانیش دیناری عیراقییەكە لەناوخۆی عێراقدا جارێكی دیكە دەگۆڕێتەوە بە دۆلار و ئەمەش وادەكات خستنەڕووی دینار زیاتر بێت و لەبەرامبەردا خواست لەسەر دۆلار لەبازاڕدا زیادبكات. وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو بانكانەی كە پێشتر لەو جۆرە مامەڵە بازرگانیانەیان كردووە، رەنگە سزابدرێن و لەئێستاشدا هەندێكیان رێكاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر، ئەوەش هۆكارێكی دیكەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و دابەزینی بەهای دینارە. ئەمەش لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار بەرامبەر بە نزیكی 143 هەزار دینار مامەڵەی پێوەكرا.