رۆژنامەی مەدا بڵاویكردەوە، لە عێراق 32 هەزار كەس پاسپۆرتی دیپلۆماسییان هەیە و 10 هەزار كەسیان ئەوانەن تەنها رۆژێكیش كاری دیپلۆماسییان نەكردووە. رۆژنامەكە بە پشتبەست بە بەڵگەكانی لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی عێراقی ئەوەی بڵاوكردووەتەوە كە لەكۆی 32 هەزار كەس كە خاوەن پاسپۆرتی دیپلۆماسین لە عێراق 10 هەزاریان یەك رۆژ لە بواری دیپلۆماسی كاریان نەكردووە. ئاماژەبەوەشكراوە، ژمارەیەك لەوانە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە پاسپۆرتی دیپلۆماسییان بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵیان پێدراوە كە یەك رۆژیش نە لە وەزارەتی دەرەوە كاریان كردووە و نە دیپلۆماتكار بوون. ئەوانەی خاوەنی پاسپۆرتی دیپلۆماسین دەتوانن بەبێ ڤیزا و سنوورداركردنیان بۆ 50ی وڵات گەشت بكەن، هاوكات لە كونسوڵخانە و باڵیۆزخانەكان كارئاسانی زیاتریان بۆ دەكرێت و بەدوورن لە دەستگیركردن و دادگاییكردن لەو وڵاتانەی گەشتی بۆ دەكەن، دەتوانن بەئاسانی هاتوچۆ بكەن و رێكارە رۆتینییەكانی نێو فڕۆكەخانە نەیانگرێتەوە، كە ئەمانە لە پاسپۆرتی ئاسایی نین.