رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، شەڕەکەی شەوی هەینی رابردووی ئوتێل لالەزار بە شەڕی "برا دوژمنەکان" دەچوێنێت. رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە شەڕەکەی شەوی هەینی رابردووی ئوتێل لالەزار بڵاویکردۆتەوە، لە ئێوارەی پێنجشەممەوە تا بەرەبەیانی رۆژی هەینی، دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لاهور شێخ جەنگی، ئامۆزای بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پەرەی سەند بۆ پێکدادان و گەمارۆدانی دراماتیکی هۆتێلێک لە سەنتەری شارەکە، کە بە دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی، كە یەكێك بوو لەسەر سەرکردە دیارەكانی ئەو حزبە کۆتاییهات. شەرقولئەوسەت دەڵێت "هێزە ئەمنییەکان ئەو شوێنەیان ئاشکرا نەکردووە کە لاهور شێخ جەنگی و دوو براکەی بۆی گواستراونەتەوە، بەڵام سەرچاوەکان ئاشكرایان كردووە، دەستگیرکراوان رەنگە روبەڕوی سزای چەند ساڵێك زیندانی ببنەوە، بەهۆی ئەوەی بە داڕشتنی پیلان بۆ تێکدانی سەقامگیری ئاسایش تۆمەتباركراون". وەک رۆژنامەکە باسیکردووە "چاودێرانی سیاسی وای دەبینن، ئەو ئۆپەراسیۆنە، ئاشکراکردنی ململانێیەکی قووڵی ناو حزبەکەیە لە سلێمانی لە نێوان "برا دوژمن"ەكاندا، کە ساڵانێک بەرژەوەندی ئەمنی و سیاسییان بەشكردبوو".
