گرنگ

بۆناردنی مووچە، پەنا بۆ سیستانی دەبرێت و نامەیەك ئاراستەی مەرجەعی بالای شیعەكان دەكرێت

2025-08-23

 

بۆ چارەسەركردنی مووچە و بژێوی خەڵكی هەرێمی كوردستان، پەرلەمانتارێكی كورد نامەیەك ئاڕاستەی عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق دەكات. كاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بڵاویكردەوە، سەبارەت بەچارەسەركردنی مووچە و بژێوی سەختی خەڵكی كوردستان، نامەیەكمان لە ڕێگای نووسینگەكەیانەوە پێشكەش بە سەماحەتی عەلی سیستانی كردو داوایان كردوە رۆڵی یەكلاكەرەوە خۆیان بگێڕن راسپاردەی هەردوو حكومەت بكەن كێشەی مووچەی خەڵكی كوردستان لەبنەڕەتەوە چارەسەر بكەن. دەقی نامەكەی كاروان یاروەیس پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا: نامەیەكی كراوە بۆ مەرجەعی باڵا بەڕێز سەماحەتی عەلی حسێنی ئەلسیستانی لەكوردستانەوە، كوردستانی لێبوردەیی و پێكەوەژیان، كوردستانی ستەمدیدەو جینۆسایدكراوی دەستی رژێمی سەدام، سڵاو و رێزی بێپایان پێشكەشی سەماحەتتان دەكەین، نزای تەمەن درێژیتان بۆ دەكەین. لای هەمووان شاراوە نیە، كە مەرجەعی باڵا، لەدوای (2003)ەوە هەتا ئێستا هەمیشە لەمەسەلە چارەنوسازەكان و كێشە و موعاناتی گەلانی عێراقدا، رۆڵی خێر و ئاشتەوایی و پارێزەری بەرژەوەندی گەلانی عێراق بووە. ئێمەی گەلی كورد هەمیشە ئومێد و هیوای گەورەمان بەبەرێزتان بووە، كە لەدۆخە سەختەكاندا قسەی چارەنوساز دەكەن. لەكاتێكدا ئەم نامەیە دەگەیەنین بە سەماحەتتان، خوشك و براكانتان و رۆڵەكانی گەلی كوردستان لە دۆخێكی بژێوی زۆر سەختدان، زیاتر لە (90) ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتوە، مووچەخۆرو خانەنیشنان و پێشمەرگە و ئەو رۆڵە قارەمانانەی كە رژێمی بەعس و تیرۆریستانی داعشیان شكاند بێمووچەن، مناڵ و نەخۆش و پیرو پەككەوتە بێ شیر و بێ دەرمان و گوزەرانیان زۆر سەختە، كەسوكاری شەهیدان و قوربانیانی دەستی ستەمی بەعس بێ مووچەن. خەڵكی مەزڵومی كوردستان بوونەتە قوربانی ململانێیە سیاسیەكان و ژیان و قووتیان بووەتە بارمتە و كارتی فشاری سیاسیەكان بەرامبەر بەیەكتر، لەكاتێكدا دەستوری عێراق و بڕیارەكانی دادگای فیدرالی و یاسای بودجەی گشتی عێراق كێشەی مووچەی خەڵكی كوردستانیان یەكلاكردۆتەوە. كۆبونەوەو دانوستاندنی دوورو درێژ و بێ ئەنجام خەڵكی كوردستانی هێندەی تر نیگەران و بێ هیوا كردووە. داوا لەسەماحەتتان دەكەین، وەكو چۆن لە رابوردوی دوور و نزیكدا، رۆڵی گەورەتان لە قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان و چارەسەركردنی كێشەكان هەبووە، بەو شێوەیەش بێنەسەر خەت و پەیامی یەكلاكەرەوە بدەن بە سیاسیەكان، ئەم كێشەیە لەبنەڕەتەوە چارەسەر بكەن و مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان نەكەنە كەرەستەی ململانێی سیاسی، مووچە خەرج بكرێ و كێشە سیاسی و ئیداریەكانیش بەپێی دەستورو یاسا لەرێگای دامەزراوە نیشتمانی و فیدرالیەكانەوە چارەسەر بكرێ. لەگەڵ رێزی بێپایانمان، خوای گەورە تەمەن درێژ و تەندروستتان بكات.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color