گرنگ

سەرۆكی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر: 100 دۆلار دەگاتە 150 هەزار دینار

2025-08-23

 

سەرۆكی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر ئاماژەبەوەدەكات بانكی ناوەندی لە 75%ی پسووڵەی بازرگانانی كورد بۆداواكردنی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە رەتكراونەتەوە و ئەم دۆخەش بەردەوام بێت 100 دۆلار بۆ 150 هەزار دینار بەرز دەبێتەوە. سیامەند مەولوود، سەرۆكی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر رایگەیاند: بانكی ناوەندیی عێراق متمانەی بەو پسووڵانە نییە كە بازرگانانی هەرێمی كوردستان پێشكێشی دەكەن، بۆیە زۆربەیان رەتدەكاتەوە و ئەوەش بازرگانان ناچار دەكات روو لە بازاڕی ئازاد بكەن كە دەبێتەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار و دابەزینی دینار. ئاماژەی بەوەشكردووە،كاتێك بازرگانێكی هەرێم لە رێگەی سەكۆی ئەلیكترۆنییەوە دینارەكەی بگۆڕێتەوە بە دۆلار بە نرخی فەرمی 132 هەزار دینار، بانكی ناوەندی داوای پسووڵەی كڕینی كەلوپەل دەكات، بەڵام ئێستا بانكی ناوەندی گومانی لە پسووڵەكان هەیە و لە 75%ی ئەو پسووڵانە لەلایەن بازرگانانی هەرێمەوە پێشكەش دەكرێن، رەتدەكرێنەوە. سەرۆكی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر، ئەوەشی خستووەتەڕوو،زیاتر لە مانگێكە ئەو كێشەیە دروستبووە، ئەگەر پرۆسەكە بە یەكجاری لە هەرێمی كوردستان بوەستێت، نرخی 100 دۆلار رەنگە بگاتە 150 هەزار دینار، چونكە هەموو بازرگانان ناچار دەبن لە بازاڕی ناوخۆ دۆلار بكڕن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color