گرنگ

چۆن ئاسۆ جەنگی و چەند چەکدارێک لەناو شەڕەکەی لالەزار توانیان خۆیان ڕزگار بکەن؟

2025-08-23

 

ئەحمەد ئەسەف، ناسراو بە ئەحمەد هەورامی. یەکێکە لەو ئەفسەرانەی نزیک بووە لە لاهور شێخ جەنگی، لە شەڕەکەی لالەزار دەربازی دەبێت و جگە لە خۆی ئاسۆی شێخ جەنگی و مەفرەزەیەکی لەگەڵدا دەبێت و دەربازیان دەبێت. بەرپرسە ئەمنییەکانی یەکێتی دوای دەربازبوونیان شۆک بوونە چۆن تەوقی ئەمنی لالەزار شکێنراوەو دوای بەدواداچوون دەرکەوتووە ئەو گروپە بە سەرکردایەتی ئەحمەد ئەسەف شێوازی هەڵخەڵەتاندنیان بەکار هێناوەو جلی هاوشێوەی هێزێکی ئەمنی یەکێتیان لەبەرکردووە و بەشەڕ و تەقەکردن لەلالەزار کشاونەتەوەو دەربازیان بووە و وا خۆیان پیشانداوە بەشێکن لەو هێزانەی کە هێرش دەکەنە سەر لالەزار. لە دەرچوون لە لالەزار شێوەیەک بوون ڕوویان لە بیناکە بووەو تەقەیان کردووە. بەپێی زانیارییەکان، ئەم زانیارییە دوای شەڕەکە گەیشتووەتە بەرپرسانی ئەمنی، کاتێک فەرماندەکان باسیان لە بوونی گروپێکی هێزێکی دیاریکراو کردووە لە نزیک ئەوان. دواتر فەرماندەکانی هەمان هێز ئەوەیان ڕەتکردووەتەوە چەکداری ئەوان لەو ئاڕاستەیەوە شەڕی کردبێت. بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەیەکی ئەمنیەوە دەست بوار کەوتووە، ئەو گروپە کەمتر لە ۱۰ کەس بوون. بەهۆی زۆری هێزە ئەمنییەکان و تاریکی شوێنەکەو دۆخی شەڕەکەوە هەست نەکراوە کە ئەوانە چەکداری سەر بە لالەزاربن. ئەحمەد ئەسەف، پێشتر لە دەزگای دژە تیرۆر بووە. دووجار بریندار بووەو کەسێکی نزیکی لاهور شێخ جەنگییە. یەکێک بووە لە فەرماندە سەربازییەکانی لالەزار. دوای دەرباز بوونی ئەمڕۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بە دێڕێک گوزارشتی لە دەربازبوونی کرد و دەڵێت: من هەڵوێ بەرزی لوتکەی داڵانیم و هەرگیز وەک قاڵاو ناکەومە چینە. لە لایەکی دیکە ئاراس شێخ جەنگی شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند «چارەنوسی ئاسۆی برای نازانێت». بەڵام ئەمڕۆ ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە براکەی لەلالەزار دەربازی بووە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color