گرنگ

هێمن مەحمود: كەناڵی زووم هی یەكێتی نییە و نابێت وەك كەناڵی ئای پڵەس مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت

2025-08-26

 

لێپرسراوانی كەناڵی ئاسمانی زووم ئاماژەبەوەدەكات، كەناڵەكە هی یەكێتی نییە تا چۆنیان بوێت وا مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، جەختیشدەكاتەوە نابێت هەمان ماڵەی لەگەڵ كەناڵی ئای پڵەس كرا لەگەڵ كەناڵی زوومی بكەن و بیكەن بەناوی خۆیانەوە. هێمن مەحمود، بەڕێوەبەری كەناڵی ئاسمانی زووم، ڕایگەیاند: ناكرێت یەكێتی هەمان مامەڵەی كەناڵی ئای پڵەس لەگەڵ كەناڵی زووم بكات، چونكە دوو شتی زۆر جیاوازن، ئای پڵەس یەكێتی پشتیوانی دارایی دەكرد، بەڵام ئێمە بە هیچ شێوەیەك میدیای ئەو حزبە نین، خاوەندارێتی زووم دیارە و جیاوازە، نابێت ئەوەی بەرامبەر بە ئای پڵەس رویداوە بەو فۆرمە لە بەرامبەر زووم دوبارە ببێتەوە، زووم خاوەندارێتی دیارە و وازحە سەر بە چ كۆمپانیایەكە، بۆیە مافی ئەوەیان نییە بیكەن بەناوی خۆیانەوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، لە گرێبەستی ڕۆژنامەنووسان و كارمەندانی كەناڵەكەماندا هاتووە كە ئەگەر هەر ڕۆژنامەنوسێك دوربخرێنەوە موچەی یەك مانگیان پێدەدرێت، هەندێكی تر موچەی دوو مانگ، بەڵام ئێمە كەسمان دەرنەكردووە، چاوەڕێین بزانین ئایندەی كەناڵەكە چی لێدێت و ئەو هێزە چۆن مامەڵە دەكەن، لەگەڵئەوەشدا ئەولەویەت لای ئێمە ئێستا ئەوەیە گیانی تیمەكانمان لە سلێمانی پارێزراوبێت. پەخشی كەناڵی زووم لە 25ی حوزەیرانی 2024دا دەستیپێكرد، ئیدارەی كەناڵی ئاسمانی زووم كە لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل پشتیوانی دارایی دەكرد،كەناڵی زووم لە بنەڕەتدا خاوەندارێتییەكەی بۆ كۆمپانیای معادن زەهەبی دەگەڕێتەوە كە رۆژنامەنوس هێمن مەحمود خاوەنیەتی و هەر خۆی بەڕێوەبەری كەناڵەكەیە، ئەو كۆمپانیایە لە دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق و وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان مۆڵەتی كاركردنی هەیە. لەگەڵ هێرشی سەر هۆتێل لالەزار دواتر هێزێكی ئەمنی لە سلێمانی تەواوی كەلوپەل و پێداویستییەكانی كەناڵی ئاسمانیی زووم-یان بۆ شوێنێكی نادیار گواستۆتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بە چەك و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە، هەڵیانكوتایەسەر كەناڵەكە و كۆتاییان بە پەخشەكەی هێنا؛ كەناڵەكە كە نزیكەی 200 كارمەندی هەیە دیار نییە چارەنوسیان بەكوێ دەگات.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color