هۆکارى سەرەکى پەلاماردانى لالەزار بۆ پەیوەندییەکانى نێوان لاهور شێخ جەنگى و مەسرور بارزانى دەگەڕێتەوە، ئێران سوودمەندى یەکەمى رووداوەکانى سلێمانییە و ئەمەریکاش نیگەرانە، پێدەچێت ئەم رووداوانە تەشەنەبکەن و هەرێم نەتوانێت کۆنترۆڵى بکات. توێژەرێکى سیاسى عێراقى وادەڵێت.
توێژەرى سیاسى و مامۆستاى زانستە سیاسیەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆى موسڵ فیراس ئەلیاس، لە راپۆرتێکى شیکاریدا بەناونیشانى: سلێمانی گڕ دەگرێت: ململانێیەکى نوێ تارمایى مەترسییەکانى نەوەدەکان دەگێڕێتەوە، رووداوەکانى سلێمانى بە وەرچەرخانێکى گرنگ لە پرۆسەى سیاسى لە هەرێمى کوردستان ناودەبات و دەڵێت: لەدوای ڕووداوەکانی شەڕى ناوخۆ لە ساڵانى نەوەدەکان لەنێوان یەکێتى و پارتى، ئەوە یەکەمجارە ناوچەکە توندوتیژییەکی سیاسی لەو شێوەیە بەخۆیەوە دەبینێت.
ئەو توێژەرە کە پسپۆڕە لە کاروباری ئاسایشی نەتەوەیی و توێژینەوەی ئێران، باس لە دەستگیرکردنى شاسوار عەبدولواحیدى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ و پەلاماردانى لالەزار لەلایەن هێزەکانى یەکێتى دەکات و دەڵێت: ئەم رووداوانە ئاماژەن بۆ خواستێکی ئاشکرای بافڵ تاڵەبانی بۆ کۆتاییهێنان بە "دیاردەی فرە جەمسەرى" لەناو شاری سلێمانی، چونکە لە ڕوانگەی ئەوەوە ئەم دیاردەیە دەرفەتێک دەدات بە مەسعوود بارزانی ڕکابەرى سیاسیی، تاوەکو ڕۆڵی ئەم لەناو سلێمانیدا پەراوێز بخات.
بەبۆچونى ئەو توێژەرەوە، هۆکارى سەرەکى پەلاماردانى لالەزار و دەستگیرکردنى لاهور شێخ جەنگى سەرۆکى بەرەى گەل دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندییەکانى لەگەڵ مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت و لەوبارەیەوە دەڵێت: پەیوەندی نهێنی نێوان لاهور شێخ جەنگی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، یەکێک بوو لەو هۆکارانەی وایکرد تاڵەبانی هەنگاوی کۆتایی بنێت، بەتایبەتی کە لاهور شێخ جەنگی دەستیکرد بە ئیستغلالکردنی ئەو جۆرە پەیوەندییانە بۆ فراوانکردنی تۆڕی پەیوەندییە ناوخۆیی و هەرێمییەکانی، هەروەها کار بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی دارایی و ئابووری، سەربازی، ئەمنی و سیاسی لەدەرەوەی کۆنترۆڵی تاڵەبانی بکات.
ئەلیاس، پێشبینى دەکات لەدواى لاهور شێخ جەنگى، بافڵ تاڵەبانى لەدژى هەریەکە لە مەلا بەختیار و بەرهەم ساڵح بوەستێتەوە، چونکە "بە مەترسیان دەزانێت بۆ کۆنترۆڵى خۆى بەسەر یەکێتیدا"، هەروەها بەلاى تاڵەبانیەوە ئەمە دەرفەتێکە بۆ "لێدان لە نفوزی هەولێر لەناو سلێمانی".
رووداوەکانى سلێمانى لەکاتێکدایە دواى نزیکەى ساڵێک لە هەڵبژاردن، بڕیاروایە لە مانگى ئەیلولدا پارتى و یەکێتى دەستەى سەرۆکایەتى پارلەمان هەڵببژێرن. تاوەکو رێگە خۆش بکەن بۆ پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێم. بۆیە بە بۆچوونى ئەم تویژەرە سیاسیە، تاڵەبانى لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت پەیوەندییەکانى لەگەڵ پارتى دابڕێژێتەوە و پەیامێکیش بۆ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە سلێمانى بنێرێت کە رکابەریکردن لەگەڵ یەکێتى بۆ سەرکردایەتى سلێمانى، دووچارى چارەنووسێکى هاوشێوەى بەرەى گەلیان دەکاتەوە.
ئێران براوەى گەمەکەیە
ناوبراو ئێران بە براوەى سەرەکى رووداوەکانى سلێمانى لە قەڵەم دەدات، چونکە بافڵ تاڵەبانى بە کەسێکى نزیک لە ئێران ناودەبات و دەڵێت: ئێران لەڕێگەى تاڵەبانییەوە دەیەوێت بەر بە هەژمونى پارتى بگرێت کە لە تورکیا و ئەمەریکاوە نزیکە. هەروەها ئێران لە هەر هەنگاوێکی سیاسی کە لە داهاتوودا کاریگەری زیاتر بە تاڵەبانی لە ناوچەکەدا بدات، هەست بە ئاسوودەیییەکی زۆر دەکات.
لەبارەى هەڵوێستى گروپە چەکدارەکانى نزیک لە ئێران، نووسەر دەڵێت: بە سەرنجدانێکى خێرا لە رووماڵى میدیایى ئەو گروپانە بۆ ڕووداوەکانی سلێمانی، ئاماژەی پشتیوانییەکی ڕوون بۆ دوایین هەنگاوی تاڵەبانی دەبینرێت. چونکە "هەنگاوێکی لەو شێوەیە سیاسەتی فشار و بێزارکردنى گروپە چەکدارەکان لەدژى هەولێر زیاتر دەکات. هەروەها دەرفەتێکیان پێدەبەخشێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەولێر لەپێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوودا دابڕێژنەوە، لەرێگەى پشتیوانیکردن لە هەڵوێستی سلێمانی بەرامبەر بە هەولێر لە ماوەی داهاتوودا".
لەبارەى هەڵوێستى ئەمەریکاوە دەربارەى رووداوەکانى سلێمانى، ئەو توێژەرە دەڵێت ئەمەریکا بەو رووداوانە ئاسوودە نییە، چونکە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، کە بەشێکی زۆریان لە سلێمانی جێگیردەکرێن. جگە لەوەى هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزى پەیوەندییەکانى کوردانى تورکیا و سوریا لەگەڵ حکومەتى وڵاتەکانیان، لەسەرو هەموو ئەوانەشەوە هێشتا ململانێکانى نێوان ئیسرائیل و ئێران کۆتاییان نەهاتوە.
دەربارەى هەڵوێستى لایەنە شیعە دەسەڵاتدارەکانى عێراق، ئەو تویژەرە دەڵێت: زۆرینەی چوارچێوەی هەماهەنگی نیگەرانیان لەو رووداوە لەوەوە سەرچاوەى گرتوە کە دەترسن سەقامگیریی سیاسی عێراق تێکبدات و گرفت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دروست بکات کە بڕیاروایە لە (11/11) ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
دۆخەکە بەرەو کوێ دەچێت؟
ئەلیاس رایدەگەیەنێت ئەو هێزە ئەمنییانەی لاهور شێخ جەنگییان دەستگیرکردوە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە چەندین تۆمارى دەنگى نێوان لاهور شێخ جەنگى و کاربەدەستانى هەولێریان دەستکەوتووە، ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى "لە ماوەی داهاتوودا، پەیوەندییەکانی نێوان سلێمانی و هەولێر باش نەبێت".
لەکۆتایى راپۆرتەکەیدا، ئەو توێژەرە مەترسى ئەوە دەخاتەڕوو کە پێدەچێت لەداهاتودا رووداوەکان تەنها لە ناوخۆى هەرێمدا نەمێننەوە، بەڵکو رەهەندێکى ناوچەیى و نێودەوڵەتیش لەخۆبگرێت و هەریەک لە ئێران و تورکیا و ئەمەریکا و تەنانەت دەوڵەتانی کەنداو و ئەوروپاش لە ململانێکانەوە تێوەبگلێن، کە "بێگومان ئەو کاتە کۆنترۆڵکردنى دۆخەکە لە تواناى هەرێمدا نابێت".