بەرەبەیانی رۆژی 22ی ئاب، لاهور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەل لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی یەكێتی دەستگیركرا. لە دوای دەستگیركردنی لاهور شێخ جەنگی، چەند دەنگۆیەك لەسەر چارەنوسی ناوبراو لە زیندان بڵاوكراوەتەوە. گوایە بافڵ تاڵەبانی نیازی ئەوەی هەیە لاهور شێخ جەنگی ئازاد بكات بەو مەرجەی بچێتە بەریتانیا و دەستبەرداری كاری سیاسی ببێت لە هەرێمی كوردستان. بەپێی زانیارییەكانی بوار، ئەو كەسانەی كە لە ماوەی دە رۆژی ڕابردوو بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتییان بینیوە، سەرۆكی یەكێتی ئەوەی بۆ ئاشكرا كردوون كە بەهیچ شێوەیەك لاهور شێخ جەنگی ئازاد ناكات و بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ كوشتنی سەرۆكی یەكێتی و بەرەنگاربوونەوەی هێزە فەڕمییەكانی حكومەت لاهور شێخ جەنگی دەبێت دادگایی بكرێت و لە زیندان بمێنێتەوە. بافڵ تاڵەبانی لە دواین پەیامیشدا كە لە رۆژی 31ی ئاب بڵاوكراوەتەوە ئامانجەكەی خۆی ئاشكرا كردووەو هێزە كانی لاهور شێخ جەنگی بە گروپی میلیشیای نایاسایی، ناودەبات کە لە دەرەوەی یاسا کاریان كردووەو گوایە چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوونیان بە سەربازگە کردووە. لە پەیامەكەیدا تۆمەتی ئەوە دەخاتە ئەستۆی هێزەكانی لاهور شێخ جەنگی و دەڵێت "ئەو هێزە هێرشیان کردووەتە سەر هێزە فەرمییە ئەمنییەکان، کە لەو کاتەدا ئەرکی دەستگیرکردنی داواکراوانیان پێ سپێردرابوو". بافڵ تاڵەبانی لە پەیامەكەیدا ئەوە دەڵێت كە دەمەوێت "بەڕوونی بڵێم؛ هیچ کەسێک و هیچ گرووپێکی میلیشیایی لە سەرووی یاساوە نییە. چارەنووسی ئەو کەسانەی کە ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی کە قوربانییەکی زۆرمان لە پێناویدا داوە، دەخەنە مەترسییەوە، دەبێت لە رێگەی پرۆسەی یاسایی و دیموکراسییەوە بڕیاری لێبدرێت، نەک لە رێگەی مەزەندەکردن و بانگەشەی میدیایی". بافڵ تاڵەبانی لە كۆتایی پەیامەكەیدا دەڵێـت "داوا لە دەسەڵاتی دادوەریی دەکەم، ئەرکی خۆیان بە پابەندبوون بە یاسا جێبەجێ بکەن و دادپەروەر و شەفاف بن، لە هەمانکاتدا دڵنیاببنەوە لەوەی کە مافی هەموو تاکێک پارێزراوە. نابێت کاری گرووپێکی میلیشیایی زاڵ بێت بەسەر ویستی هاونیشتمانیان بۆ ئاشتی، یەکڕیزیی و دیموکراسی".