گرنگ

پەرلەمانتارێکی یەکێتی:شەوی21ی ئاب سلێمانی شەوێکی تاڵ و خوێناوی بەڕێکرد

2025-09-01

 

یەکەم پەرلەمانتاری یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق بەئاشکرا هەڵوێستی خۆی لەسەر ڕووداوەکەی لالەزار ئاشکرا کردوو لە نامەیەکی کراوەدا کە ئاراستەی سەرۆکی یەکێتی کردووە، داوادەکات کەناڵی زووم دەستبەکاربکاتەوەو چارەنووسی قوربانیانی لالەزار ئاشکرا بکات. د.ئاسۆ فەرەیدوون، پەرلەمانتاری یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق نامەیەکی کراوە ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی دەکات کە ئەمە ناوەڕۆکەکەیەتی. لەسەر ڕووداوەکەی لالەزار هاتەجواب و نامەیەكی كراوە بۆ بەرێز / بافڵ جەلال تاڵەبانی سڵاو و رێزی بێ پایانم . لەو ڕووبەڕو بونەوەی شەوی ٢١/٢٢ مانگی ئاب ، لەبەردەم هۆتێل لالەزاردا سلێمانی شەوێكی ئێجگار سەخت و تاڵ و خوێناوی بەڕێكرد ، شەوێكی كەم وێنەبوو كەبە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو دانیشتوانی شاری سلێمانی نەیانبینیبوو. هەموو ئەوانەی لە شەوی ڕووبەڕوبونەوەكەی لالەزاردا دەستگیركران تۆمەتبارن هەتا تاوانەکانیان بەسەردا ساغدەبێتەوە ، وە باوەڕمان وایەكە كە دادگا تۆمەتەكان یەكلایی دەكاتەوەو بڕیاری كۆتایی ئەدات. لەسۆنگەی بەرپرسیارێتی و خەمخۆریەوە و بە حوكمی دۆستایەتی نێوانمان و وە بەو پێیەی جەنابتان جگە لەوەی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانن ، هاوكات هەڵگری ڕەگەزنامەی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیان ، كە بێگومان (ئیمتیازات)و ماف و ئەركی هەیە ، وەك پارێزگاری پێشووی پارێزگای سلێمانی و نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، داواكارم لە بەرێزتان : ١/ جەنابتان كەسی یەكەمی باڵادەستن لەم ناوچەیەو سەنگ و پێگەتان پەیوەستە بە خەڵك و دانیشتوانی ئەم شارەوە ، تكایە خەڵك و شاری سلێمانی ئاشت بكەنەوەو گرنگی بەو نیگەرانییەی خەڵكەكەی بدەن . ٢/لە شەوی ڕووبەڕوبونەوەكەی لالەزاردا چەندین كەس هەن كە ڕەنگە تەنها لە لالەزار بۆ بژێوی ژیان كاری ئاساییان كردبێت وە ئێستا دەستبەسەركراون و كەسوكارو خانەوادەكانیان لە دڵەڕاوكێی چارەنوسی كوڕو ڕۆڵەكانیاندان ، كە دەكرێت پەلە لە (لێكۆڵینەوە)كانیان بكرێت و بگەرێنەوە ناو كەسوكارو خێزانەكانیان ، ئەمەش رۆڵێكی گرنگی دەبێت بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخەكە . ٣/ لەبەر هۆكاری قورسی ڕوبەڕوبونەوەكەی لالەزار، وون بوو و قوربانی و كوژراو لە ئەندامانی هێزەكەی لالەزاردا هەیە ، داواكارم چارەنوسیان ئاشكرابكرێت و ڕاستی مان و نەمانیان بە كەسوكار و خانەوادەكانیان بووترێت ، وە كار بۆ ڕەواندنەوەی خەمەكانی ئەوانیش بكرێت ، چونكە دواجار ئەوانیش ڕۆڵەو هاوڵاتی ئەم نیشتمانەن . ٤/ رێگە بدەن بە پارێزەرانی (تۆمەتباران)ی لالەزار کە بیانبینن و بەرگری یاسایان لێبکەن و دادگایی كردن لەو كەیسانە ئاشكرابن و یاسا سەروەر بێت و دەستێوردانی سیاسی نەبێت تا متمانەی هاوڵاتیانیش زیاتربێت بە دادگاكانمان. ٥/ كاری جددی بكرێت كە كەناڵی زووم و كارمەندانی ئازادانە كاری خۆیان بكەن و كەلو پەل و ئۆفیسی كەناڵەكەیان بۆ بگەڕێنرێتەوە . لەکۆتاییدا هەموو ئەو ڕوداوانەی کەلەڕابردوو ڕوویاندا ، متمانەو خەمخۆری و سەقامگیری لای تەواوی هاوڵاتیان لاوازدەکات ، جگە لە درووستبوونی تێڕوانینێکی نەرێنی دۆستەکانمان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا . سوپاس بۆ تێگەیشتنی جەنابتان. د.ئاسۆ فەرەیدوون علی ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color