بڕیارە كاتژمێری 12ی ئەمشەو پرۆسەی نوێكردنەوە و بەئەلیكترۆنیكردنی فۆرمی خۆراك كۆتاییبێت، بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراكی سلێمانیش ئاشكرایدەكات ئەگەر وادەكە درێژ نەكرێتەوە، پڕكردنەوەی فۆڕمی خۆراك دەبێتە 11 هەزار دینار. ئاراس محەمەد بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراكی سلێمانی رایگەیاند: پرۆسەی نوێكردنەوە و بەئەلیكترۆنیكردنی فۆرمی خۆراك تاكاتژمێر 12ی ئەمشەو بەردەوام دەبێت، تا ئێستاش لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عیراقەوە ئاگادار نەكراوینەتەوە كە وادەكەی درێژ دەكرێتەوە یاخود نا. ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەر وادەی بەئەلیكترۆنیكردنی فۆرمی خۆراك درێژنەكرێتەوە، ئەوا پێویستە هاووڵاتیان بە پارە فۆڕمەكانیان پڕ بكەنەوە، كە بۆ هەر هاووڵاتییەك 10 هەزارە و بڕی هەزار دیناری زیادەشی خراوەتە سەر بۆ دروستكردنی نەخۆشخانە و خوێندنگە، بەمەش بڕی پارەكە دەبێت بە 11 هەزار دینار و لەڕێگەی كارتی بانكییەوە دەدرێت. بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراكی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد، داوا لەو هاووڵاتیانە دەكەین كە تا ئیستا فۆڕمەكەیان پڕنەكردووەتەوە، ئەم دەرفەتە لەدەستنەدەن و تا كاتژمێر 12ی ئەمشەو پسووڵەی خۆراكەكەیان بە ئەلیكترۆنی بكەن.