جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت، بڕیاری سزادانی شاسوار عەبدولواحید بۆ ئەوان چاوەڕوانکراو بووە، بەڵام ئەوان سوورترن لەسەر رێبازەکەی شاسوار عەبدولواحید. دەقی راگەیەنراو.. بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای سلێمانیی بۆ ئێمە و هەموو خەڵکی ئازیزی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانکراوبوو، چونکە تەوقیتی دەستگیرکردنی کاک شاسوار و هەڵکوتانەسەرماڵەکەی لەنیوەشەودا لەلایەن هێزێکی دامامکدارەوە و نەبوونی هیچ بەڵگە و شایەتێک لە کەیسەکەدا، بە ڕوونی پێیگوتین چ دەرئەنجامێک لە بڕیاری دادگا دەکەوێتەوە. ئێمە وێڕای ئەوەی دوپاتی دەکەینەوە کە درێژەپێدەری هەمان ڕێگا و دیدگای کاک شاسوارین، لەجاران بەگوڕتر دەبین لە دژایەتییکردنی ئەم دەسەڵاتە تاڵانچیی و چەتەیەی پارتی و یەکێتیی و سەڕفی چاوپۆشیی لە هیچ ڕەفتارێکی چەتەگەریان ناکەین. ئەوەش بە بنەماڵەی تاڵەبانیی و بارزانیی دەڵێین کە دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید نەوەی نوێ و سەرۆکەکەی لەناو خەڵک خۆشەویستتر دەکات و ئێمە نەک هەر سارد نابینەوە، بەڵکو کارێک دەکەین کاک شاسوار و خەڵکی هەرێمی کوردستان سەریان پێمان بەرز بێت. لەئێستاوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە ١١/١١ی ئەمساڵدا ئەنجام دەدرێ هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و ئامادەین. هەڵبژاردنێک کە دڵنیاین خەڵک سزای ئەم دەسەڵاتە ناشەرعیی و چەتەیەی پارتیی و یەکێتیی دەدات. جوڵانەوەی نەوەی نوێ ٢/٩/٢٠٢٥