ئەمڕۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر لە دوو ڕێگای سەرەكی كە پارێزگای سلێمانی بە شارەكانی باشور و ناوەڕاستی عێراقەوە دەبەستێت ڕاگیرا و هەردوو ڕێگاكە داخرا. بەگوێرەی زانیارییەكانی بوار، بەهۆی دوو كێشەی جیاواز ڕێگای كەركوك چەمچەماڵ و ڕێگای كەلار خانەقین كە پارێزگای سلێمانی بە پارێزگاكانی كەركوك و دیالە و پارێزگاكانی تری عێراقەوە دەبەستێتەوە داخران . لەلایەكی دیكەوە، بەهۆی ناڕەزای شۆفێرانی بارهەڵگر لە خاڵی گومركی بازگەی چیمەن لە كەركوك شۆفێرانی بارهەڵگر ڕێگاكەیان داخستوەو لە بازگەكەوە تا قەرەهەنجیر هەزاران ئۆتۆمبیل و بارهەڵگر ڕاوەستاون و گرفتەكە تایبەتە بە خاڵێكی گومركی تەنیشت بازگەكە كە بارهەڵگرەكان گلەی ئەوە دەكەن چەندین كاتژمێر لە نۆرەدا دەوەستن تا سۆنەری بارەكانیان دەكەن و وەك ناڕەزای ڕێگاكەیان داخست و بەهۆیەوە ئاستەنگ دروستبوو و هەردوو سایدەكە داخرا. بوار ئەوەشی زانیوە، لەڕێگای نێوان كەلار و خانەقین دەرچووانی كۆلێژەكانی خانەقین كە سەربە زانكۆی گەرمیانن چەند ڕۆژێكە مانیان گرتووە و داوا دەكەن هەمان ماف و ئیمتیازی دەرچووانی زانكۆكانی عێراقیان هەبێت ئەمڕۆ ڕێگاكەیان داخست و بەهۆیەوە جوڵەی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێل ڕاوەستا .