وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی داوای لە بەغداد كردووە پاداشتی خزمەتی فەرمانبەری ئەو خانەنشینانە خەرجبكات، كە شایستەی وەرگرتنی 12 مووچەن و تاوەكو ئێستا بۆیان خەرجنەكراوە. ئەشرەف فازیل، بەڕێوەبەری گەنجینەی دووی سلێمانی رایگەیاند، ئەوخانەنشینانەی شایستەن 12 مووچە وەك پاداشتی مۆڵەتی كۆكراوە وەربگرن، تائێستا ئەو مووچانەیان بۆ خەرجنەكراوە، وەزارەتی دارایی داوای لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی خانەنشینی كردووە، لیستی ناوی ئەو خانەنشینانەیان بۆ بەرزبكەنەوە، كە خزمەتیان لە 25 ساڵ زیاترە و لەسەرەتای ئەمساڵ خانەنشینبوون و شایستەی ئەوەن 12 مووچە پێكەوە وەربگرن. ئاماژە بەوەشكراوە، وەزارەتی دارایی بە فەرمی داوای لە وەزارەتی دارایی عێراق كردووە ئەو 12 مووچەیە بۆ خانەنشینان خەرجبكات، هاوكات بەگوێرەی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو كە لەهەرێمی كوردستانیش كاری پێدەكرێت، هەر خانەنشینێك خزمەتی لە 25 ساڵ زیاتر بێت، 12 مووچەی پاداشتی كۆكراوەی خزمەتی پێدەدرێت.