گرنگ

موچەی پۆلیسەکانی دارستانی کفری نەدۆزراوەتەوەو هەڕەشەی سزادانیان لێدەکرێت، ئەگەر ناڕەزایەتی دەربڕن


 

موچەی پۆلیسەکانی دارستانی کفری نەدۆزراوەتەوەو هەڕەشەی سزادانیان لێدەکرێت، ئەگەر ناڕەزایەتی دەربڕن

بوارنیوز، گەرمیان
دوای نزیکەی مانگێک لەدزینی موچەی پۆلیسەکانی دارستانی کفری، زیاتر لە پەنجا ڕۆژە، موچە بە 105 پۆلیس نەدراوە، پۆلیسێک دەڵێت، بەرپرسی بەشەکەمان، هەڕەشەی سزادانی لێداوین ئەگەر‌ناڕەزایەتی دەرببڕین و کەسیش دەستگیرنەکراوە لەسەر دزینی پارەکە.
مانگی تەمموزی ڕابردو لەقەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لەنزیک چێشتخانەیەک بڕی سی و نۆ ملیون و حەوسەدو دە هەزار دینار، وەک موچەی بەشێک لەپۆلیسی بەشی دارستانی کفری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان دزرا.
بەپێی بەدوداچونەکانی بوار نیوز، تا ئێستا هیچ بەرەو پێشچونێک لەکەیسی دزینی پارەی پۆلیسەکانی دارستانی کفری ڕوینەداوەو کەسیش دەستگیرنەکراوەو لێکوڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە.
دوای نزیکەی 50 ڕۆژ تێپەڕبون بەسەر پێنەدانی موچەکانیان، پۆلیسەکانی بەشی دارستانی کفری، نیگەرانن و داوای موچەکانیان دەکەن.
پۆلیسێکی به‌شی دارستانی کفری به‌ بوار نیوزی وت: زیاتر لەپەنجا ڕۆژە موچەمان پێنەدراوە، تەنها ئەو موچەیە شک دەبەین بۆ سەرچاوەی ژیانمان، بەڵام تا ئێستا زیاتر لەپەنجا ڕۆژە هیچ هەوڵێک نیە بۆ ئەوەی موچەمان پێ بدرێت، ئێمەش خاوەن خانوو قەرزاری داوای پارەمان لێدەکەن.
وتیشی: دوای ئەوەی وەک بەشێک لەپۆلیسەکان بڕیاری ئەوەماندا، وەک دربڕینی ناڕەزایەتیەک بچینە بەردەم بەشی کفری و داوای موچەکانمان بکەین، ئەگەر گوێمان لێنەگیرا بچینە بەڕێوەبەرایەتی، بۆ ئەوەی پارەکانمان پێبدەن.
هەروەها باسی لەوەشکرد، بەڵام ئەو شەوەی بەیانی بڕیاربو چالاکی ئەنجام بدەین، بەڕێوەبەری بەشی دارستانی کفری، تەلەفونی بۆ من و چەند هاوڕییەکم کردو و پێ ڕاگەیاندین، ئەگەر ناڕەزایەتی دەرببڕن، سزا دەدرێن و سزاکەش لێبڕینی موچە یان گواستنەوەیە.
بوار نیوز، پەیوەندی کرد بە قازی غازی، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستانی کفری، بەڵام ناوبراو ڕەتیکردەوە، هەڕەشەی کردبێت و ڕەتیشی کردەوە هیچ پۆلیسێک بەنیاری دەربڕینی ناڕەزایەتی بێت.

ئەو پۆلیسەی بۆ بوار نیوز قسەی کردو نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، باسی لەوەشکرد، بەشێک لە پۆلیسەکانی کفری، چونەتە لای بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان و داوای موچەکانیان کردوەو بەڕێوەبەریش پێی وتون لەهەوڵی گەڕانەوەی موچەکەداین.

بوارنیوز، لەگەڵ شوان محەمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان، قسەی کرد لەسەر پرسی موچە دزراوەکەو ناڕەزایەتی پۆلیسەکان، لەو بارەیەوە وتی: نەوەستاوین لەهەوڵدان بۆ دۆزینەوەی موچەی پۆلیسەکان و لێکوڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامەو لەگەڵ ئیدارەی گەرمیان و بریکاری وەزارەتی ناوخۆ قسەمان کردوە بۆ گەڕانەوە یان پێدانی ئەو موچەیەی دزراوە بۆ پۆلیسەکان بگەڕێتەوە، بەڵام بریکار پێی وتین گەڕانەوەی موچە لەدەسەڵاتی ئەودا نیە.
هەروەها ناوبراو، باسی لەوەشکرد، نوسراویان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستانی هەرێم و پۆلیسی هەرێم کردوە بۆ ئەوەی بە نوسراوێکی فەرمی داوای دابینکردنی ئەو بڕە موچە دزراوە بۆ پۆلیسەکان بگەڕێنرێتەوەو نوسراوەکەش بدرێتە ئەنجومەنی وەزیران و چاوەڕێین دوای گەیشتنی نوسراوەکە بەئەنجومەنی وەزیران، جێگیری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری سەرفکردنی پارەکە بدات.
سەبارەت بەهەڕەشەی سزادانی پۆلیسەکان، شوان محەمەد، وتی: کەس بۆی نیە هەڕەشەی سزادان لەپۆلیسی دارستان بکات، ئەوان موچەکانیان دزراوەو مافی خۆیانە داوای حەقی خۆیان بکەن، چونکە هەریەکەیان دەیان موعاناتی جیاجیایان هەیەو ڕێگە نادەم کەس غەدریان لێبکات و هەوڵی جدی دەدەم بۆ گەڕانەوەی موچەکانیان، چونکە من وەک کوڕی خۆم سەیریان دەکەم.
وتیشی: پۆلیسێک لەو پۆلیسانەی موچەی وەرنەگرتوەو هاتوەتە لام منداڵەکەی دڵی کونەو بەو پارە ژیانی بەڕیوەدەبات، چۆن لەخۆم خۆش بم ڕێگا بدەم هەڕەشە لەم پۆلیسە بدرێت.
بوار نیوز، ئەوەشی زانیوە، ئەو لیژنەیەی موچەدزراوەکەیان وەرگرتوە، کەپێک دێن لەپێنج کەس ئەفسەرێک و دو ئەندام و دو پاسەوان، دوای دەستگیرکردنیان بەکەفالەت تا ڕۆژی دادگاییکردنیان ئازاد کراون.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color