گرنگ

بەپرسێکی یەکێتی لەخانەقین: بۆشایی ئەمنی گەورە هەیە لەخانەقین بۆیە بەردەوام روداوی نەخوازراو ڕودەدەن


 

بەپرسێکی یەکێتی لەخانەقین:
بۆشایی ئەمنی گەورە هەیە لەخانەقین بۆیە بەردەوام روداوی نەخوازراو ڕودەدەن

بوار نیوز، خانەقین

دۆخی ئەمنی شاڕۆچکەی خانەقین، لەدوای روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە بەرەو خراپی چوەو تا ئێستاش بەردەوام بۆ کورد، دۆخێکی نەخوازراو هەیە. مامۆستایەکی زانکۆش، نەبونی هەماهەنگی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق بەهۆکاری خراپی دۆخی ئەمنی شارۆچکەکە دادەنێت.
لەماوەی کەمتر لەمانگێک لە شارۆچکەی خانەقینی سەر بەپارێزگای دیالە، ژمارەیەک کردەوەی نەخوازراوی وەک تەقینەوەی بۆمب و تەقەکردن لەبەرپرسان و ڕوداوی کوشتن و خنکاوی بەگومان ڕویانداوەو ئەم کردەوانەش نیگەرانیان لای دانیشتوانی شارۆچکەکە دروست کردوە.
هێژا کەماڵ، مامۆستای زانکۆی خانەقینەو بە بوار نیوزی وت: ئەوەی تێبینی دەکرێت ڕۆژ بەڕۆژ بارودۆخی ئەمنی خانەقین تێکدەچێت، سەرەتا لە دەوروبەری شارو دێهاتەکانەوە دەستی پێکردو ئێستاش لەناوشار، هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەم دۆخە نەبونی هەماهەنگییە لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی سنورەکە، لە ڕاستیدا هیچ هاوکارییەک لەنێوانیان نییە سەرەڕای نەبونی هێزی کوردی لە سنورەکە.
وتیشی: نەبونی لێپرسینەوە لەوانەی خروقاتی ئەمنی دەکەن بگرە لایەنەکان داڵدەیان دەدەن و پشتیوانییان دەکەن بەتایبەت لەم ماوەیەی دوایی بەبیانوی نزیکبونەوەی هەڵبژاردنەکان، لەم پشێویەی ئێستا کەس خاوەنی خانەقین نییە تاکو وەکو لایەن تاوانباربێت هەمو ئەوانەی لەسنورەکە دەستڕۆیشتون کەمتەرخەمن بێ جیاوازی.
لەلایەکی دیکەوە، جەماڵ ئەکبەر، کارگێڕی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە بوار نیوزی وت: ئاشکرایە ئەم جۆرە ڕوداوانه لەهەمو شوینێکی عێراق بونی هەیەو بوەتە شتێکی ئاسایی لای خەڵک، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی کردەوەی تیرۆریستی لەسنوری شارۆچکەی خانەقین ڕودەدەن و لەچەند ڕۆژی ڕابردودا ڕویداو خەڵکی سڤیڵ بوەتە قوربانی و فەرمانبەرانی دام و دەزگا ئەمنیەکانیش کراونەتە ئامانج، لەم ناوچەیە کارەساتی دڵتەزێن ڕو ئەدات، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بونی بۆشایی ئەمنی لەناوچەکەو سوپای عێراق ناتوانن ناوچەکە بپارێزن.
باسی لەوەشکرد، هۆکاری ئەو ڕوداوانە دەگەڕێتەوە بۆ بۆشایی ئەمنی لە سنوری خانەقین بەگشتی، هەروەها بونی دەستی لایەنی جیاجیاش لە پشت خراپی ئەو ڕەوشە ئەمنیەوە هەیە، چونکە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان حەز دەکەن زیاتر ڕەوشەکە خراپ بێت، لە لایەکی ترەوە جوڵانەوەی تیرۆریستانی داعش لەناوچەکەدا بونی هەیەو کردەوەو پەلاماری جیاجیا ئەنجام دەدەن.
سەرچاوەیەکی بەرپرسی کورد لەخانەقین، ناوی لای بوار نیوزە، وتی: سەرەڕای ئەوەی قائیمقام و بەشێک لەدەزگا حکومیەکان کوردن، بەڵام حەشدی شەعبی هێزێکی زۆری لەخانەقین هەیەو هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی هەیمەنەی خانەقین دەدەن و تا ڕادەیەک دەسەڵاتداری خۆیان سەلماندوە.
سەرچاوەکە، باسی لەوەشکرد، ئەگەری زۆر هەیە حەشدی شەعبی لەکاتی بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، گرفت بۆ دەنگدەرانی کورد لە خانەقین دروست بکەن. بەتایبەت ئەوانەی دەکەونە سنوری مادەی 140 ـ ەوەو ئامانجەکەشیان تەنها بەدەست هێنانی دەنگی زۆرە بۆ خۆیان.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color