گرنگ

لەسەر چەند کەیسێکی "گەندەڵی" لێکۆڵینەوە لەگەڵ چەندین بەرپرسی پزیشێکی دەکرێت و ژمارەیەکیان دەستگیردەکرێن


 

بوار نیوز، تایبەت
بە تۆمەتی "گەندەڵی و بەهەردەدانی سامانی گشتی" لە دادگای هەولێر لێکۆڵینەوە لەگەڵ زیاتر لە 12 پزیشک دەکرێت، کە پێشتر لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بەرپرس بونەو "ژمارەیەکیشیان دەستگیرکراون"، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، دەڵێت: "تۆڕێکی گەندەڵی ئاشکرا کراوە".
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، لەماوەی چەند مانگی ڕابردودا، بە "تۆمەتی گەندەڵی و بەهەردەردانی سامانی گشتی، لە دادگای هەولێر لێکۆڵینەوە لەگەڵ کۆمەڵێک پزیشک کراوە کە کاتی خۆی پلەی بەرپرسیارێتیان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر هەبوەو ژمارەیەکیش لەو پزیشکانە لەئێستادا دەستگیرکراون. ئەو تۆمەتانەشی کە ڕوبەڕوی بەرپرسەکان کراوەتەوە بریتییە لە (دیارنەمانی پارە، بەهەردەدانی سامانی گشتی، گەندەڵی لە دروستکردنی کارگەی ئۆکسجین و دیارنەمانی کەلوپەلی پزیشکی)".
عەباس محەمەد، ئەندامی لێژنەی تەندروستی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، هەواڵەکەی بۆ بوار پشتڕاستکردەوەو ڕایگەیاند: "زانیاریمان هەیە کۆمەڵێک بەرپرسی پزیشکی لەسەر کەیسی گەندەڵی لە کەرتی تەندروستی هەولێر لەبەردەم دادگایە، بەڵام تاوەکو ئێستا کەیسەکانیان یەکلایی نەکراوەتەوە".
گوتیشی: "ئەو تۆمەتانەی ڕوبەڕویان کراوەتەوە، هی ساڵانی پێشوە گوایە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ئەنجامیانداوە، بەڵام نازانین ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بە کوێ‌ گەیشتوە؟".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ئاماژەی بەوەشکرد: "تۆڕێکی گەندەڵی ئاشکراکراون و بێگومان دوای یەکلایی کردنەوەی کەیسەکان، ژمارەیەکی زیاتریان دەستگیردەکرێن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت".
بەپێی ئاماری دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، لە شەش مانگی ڕابردودا، 54 کەیسی گەندەڵی لەلایەن دادوەرانی لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە پارێزگاکانەوە ڕەوانەی دادگاکان کراوە، بەڵام تەنیا 5 کەیسیان بڕیاری یەکلایی کراوەتەوە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color