گرنگ

ئیدارەی رۆژئاوا بۆ ئەو پەنابەرە کوردانەی لەسوریا گیریان خواردوە


 

ئیدارەی رۆژئاوا بۆ ئەو پەنابەرە کوردانەی لەسوریا گیریان خواردوە:
خۆتان بگەیەننە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی یەپەگە، بەسەلامەتی دەتانێرینەوە هەرێم

بوار نیوز، دهۆک
هاوسەرۆکی دەستەی ناوخۆ لەبەرێوەبەرایەتی خۆسەری لە باکورو رۆژهەڵاتی سوریا راگەیاند: "بەرێوەبەرایەتی خۆسەری دەتوانێ هاوکاری ئەو گەنجانەی باشور بکات کە لە حەلەب گیرییان خواردوە".
ئەم هەفتەیە، هێزەکانی پۆلیسی تورکیا، ٥٥ گەنجی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتە دەستگیرکرد کە بە مەبەستی گەیشتن بەئەوروپا ڕویان لەتورکیا کردبو. پۆلیسی تورکیا ئەو گەنجانەی لەگەڵ چەند گەنجێکی دیکەی سوری ناردە شاری حەلەب لە سوریا.

بەپێی گرتە ڤیدیۆی و ئەو زانیارییانەی خۆیان بڵاوی دەکەنەوە، گەنجەکانی هەرێم لە حەلەب دەڵێن: "نازانین چی بکەین و بۆ کوێ بچین".

کەنعان بەرەکات، هاوسەرۆکی دەستەی ناوخۆ لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەباکورو رۆژهەڵاتی سوریا لەلێدوانیکیدا بۆ بوار نیوز وتی: "ئەو گەنجانە لە سنوری دەسەڵاتی گروپە تیرۆرستی و توندڕەوەکانی سەر بە تورکیان، بۆیە ئەو گەنجانە گیریان خواردوە".
ناوبراو وتیشی: "بەرێوەبەرایەتی خۆسەر هەمو کارێک دەکات کە بتوانێ هاویکاری ئەو کوردانە بکات و ڕەوانەی باشوری کوردستانیان بکاتەوە، چونکە دەزانین ئەوانە گەنج و میللەتی ئێمەن هیچ جیاوازییەک نیە لە نێوان ئەوان و گەنجانی رۆژئاوا".

بەرەکات دەشڵێت: "لەرێگەی دەزگای بوار پەیامم بۆ ئەو گەنجانە هەیە کە هیوادارم پێیان بگات، با ئەوان هەمو هەوڵێک بدەن بگەنە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بەرێوەبەرایەتی خۆسەری، چونکە ئەو کات ۱٠٠٪ ژیانی ئەوان پارێزراو دەبێت و بە سەلامەتی دەیانگوازینەوە هەرێمی کوردستان".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color