گرنگ

بەپرسی لقی سلێمانی سەندیکاى پزیشکان: هەڵە پزیشکیەکان زیادیان کردوە، هەڵە هەیە بە مردنى نەخۆش کۆتایى پێدێت


 

هەڵەى پزیشکى لە حاڵەتەوە بوە بە دیاردە


بەپرسی لقی سلێمانی سەندیکاى پزیشکان:
هەڵە پزیشکیەکان زیادیان کردوە، هەڵە هەیە بە مردنى نەخۆش کۆتایى پێدێت

بوارنیوز، سلێمانى
هەڵەى پزیشکى واتا کەمتەرخەمى پزیشک لە کاتى چارەسەر کردنى نەخۆشدا کە پێک دێت لە: نەشتەرگەرى هەڵە، پێدانى دەرمان بە هەڵە، دەستنیشان کردنى جۆرى نەخۆشیەکە بە هەڵە، جێهێشتنى کەلوپەلى پزیشکى پاش نەشتەرگەرى لە جەستەى نەخۆشدا، شێواندنى جوانکارى و بێباکى لە چارەسەرى کتوپڕدا، هەڵەى پزیشکى پرسێکى جیهانیە و وابەستە نیە بە وڵاتێکى دیاریى کراوەوە دیارە هەرێمى کوردستانیش بە دەر نیە لە هەڵە پزیشکییەکان.

هێشو مەحمود، ئافرەتێکى 37 ساڵە بە هۆى هەڵەیەکى پزیشکیەوە ژیانى لێ تێکچووە بە جۆرێک سەردانى پزیشکى کردوە بۆ ئەوەى جوانکارى بۆ سنگى بکات، بەڵام وەکو خۆى دەڵێت"دەمارى هەستەوەرى نامێنێت بەو هۆیەوە هاوسەرەکەى لێى جیا دەبێتەوە".
هێشوو بە بوار نیوزى ڕاگەیاند "زیاتر لە 10 ساڵە هاوسەرگیریم کردوە خاوەنى 3 منداڵم بەمەبەستى جوانکارى بۆ سنگم ڕۆشتمە لاى پزیشکێکى پسپۆر ئەویش نەشتەرگەرى بۆ ئەنجام دام، بەڵام پاش نەشتەرگەریەکە هەستى ورژاندنم نەما بۆیە ڕاستەوخۆ ڕۆشتم و سکاڵام تۆمار کرد ئەگەرچى پارێزەریشمى گرتبوو، بەڵگەى تەواوم هەبوو، بەڵام ئەو لیژنەیەی بۆ کەیسەکەى من پێکهێنرابوون لە قازانجى دکتۆرەکە من کەیسەکەم دۆڕاند، هەر لەم سەرو بەندابوو بەهۆکاریى ئەوەى هەستم لەدەستداوە هاوسەرەکەشم لێم جیابویەوە ئێستا سەرەڕاى ئەوەى ئەو کێشەم بۆ دروست بووە لەگەڵ بەوهۆیەشەوە ماڵم لێ تێکچوو".

لێدانى دەرزیەک بە هەڵە مانگى هەنگوێنى لێ دەبێت بە ژەهرى مار، بە خۆشەویستى هاوسەرگیریان کردبوو بە مەبەستى بەسەر بردنى مانگى هەنگوێنى دەچنە گەشت، بەڵام هاوسەرەکەى لەپڕ ئازارێکى بۆ دروست دەبێت، ئەویش دەیباتە لاى دکتۆرو پاشان بۆ نەخۆشخانە چیرۆکێکى پڕخۆشەویستى لە ماوەى چەند ڕۆژێکدا کۆتاى پێدێت.
کاروان سابیر، کوڕێکى گەنج، بەڵام بە ڕواڵەت وەک کەسێکى بە تەمەن دەردەکەوێت بە هۆى خەمى لە دەستدانی هاوسەرەکەى زیاتر لە 3 ساڵە بەردەوام ڕەش پۆشە، ئەو دەڵێت "بۆ چارەسەرى ئازارى گورچیلە لەگەڵ هاوسەرەکەم بە پێی خۆمان ڕۆشتینە نەخۆشخانە، بەڵام هاوسەرەکەمم بە مردووى هێنایە دەرەوە، لە کاتێکدا تەنها ئیلتیهابێکى کەمى هەبوو دکتۆرەکان دەرزیەکەیان بۆ کردبوو کە هەستیارى پێى هەبوو نەدەبوو ئەو دەرزییەى بۆ بەکاربهێنن، بەڵام ئەوان دەرزیەکەیان لێدا پاش لێدانى دەرزیەکە هەموو گیانى شین و مۆر بویەوە تا گەیشتە ئەوەى لە چەند خولەکێکدا گیانى لەدەستدا".

وتیشى "لەپاش ئەو کۆستە سکاڵامان تۆمار کرد ئەگەرچى زۆرینەى بەڵگەکان لە قازانجى ئێمە بوو دکتۆرەکان بەوەیان زانى بۆیە زوو زوو خەڵکیان دەناردە لامان سوڵحیان لەگەڵ بکەین، بەڵام من هەر ڕازى نەبووم تا ئەو کاتەى ماڵى باوکى خێزانەکەم کەیسەکەیان لێ جیاکردمەوەو ئەوان بۆ خۆیان لەگەڵ دکتۆرەکان ڕێککەوتن و منیش تاوەکو ئێستا هەر بە یادگاریەکانى ئەوەوە سەر دەنێمەوە".
ئەگەرچى ئامارێکى دروست لە بەردەست نیە لەسەر هەڵەی پزیشکانى کوردستان، بەڵام سەندیکاى پزیشکان نایشارێتەوە، بەراورد بە زیاد بوونى جۆرى نەخۆشیەکان و بەرزبونەوەى ڕێژەى دانیشتوان هەڵە پزیشکیەکانیش زیادى کردوە.

د.تەها مەحوى، سەرۆکى سەندیکاى پزیشکانى سلێمانى بە بوارنیوزى ڕاگەیاند "زۆر شت لە بوارى پزیشکیدا دەچێتە چوارچێوەى هەڵەى پزیشکیەوە هەر لە ئەنجامدانى نەشتەرگەریەک بە هەڵە تاوەکو ئەوەى کەمتەرخەمى و دواکەوتن هەبێت لە چارەسەرکردنى نەخۆش هەمو ئەوانە هەڵەى پزیشکین، دیارە هەڵەى پزیشکى لە هەمو جیهاندا هەیە لە هەرێمى کوردستانیش لەگەڵ زۆربوونى جۆرى نەخۆشییەکان و بەرزبونەوەى ڕێژەى دانیشتوان هەڵە پزیشکیەکانیش زیادى کردوە، بەڵام هەڵە تا هەڵە کەوتوە، هەڵە هەیە مردنى نەخۆشەکە کۆتاى پێدێت ئەوەى پێى دەوترێت هەڵەى قورس، بەڵام هەندێ کات هەڵەى بچوک ڕوو دەدات ئەویش ناکرێت بەهانەى بۆ بهێنرێتەوە بەڵام باشترە لە چاو مردنى کەسێکدا".
وتیشى"ئەو پزیشکانەى هەڵە دەکەن سزاکەیان بە پێى جۆرى هەڵەکان دیارى کراوە لە سزاى پێ بژاردنەوە دەست پێدەکات تاوەکو لێسەندنەوەى بڕوانامەى پزیشکى لە دکتۆرەکە کە ئەوانیان بڕیارێکى قورسەو دەبێت بەڵگەى تەواوەتى لەبەردەست هەبێت و لیژنەى تایبەت پێکبهێنرێت لەگەڵ ئەوەشدا دادگا بڕیارى کۆتاى خۆیى بدات".

هاوکات ئاماژەى بەوەش کرد "ئامارێکى وردو دروست لەبەردەست لەسەر هەڵە پزیشکیەکان، چونکە هەر کەسەو لە بوارێکدا هەڵە بکات ئەوا دەچێتەوە بۆ ئەو سەندیکایە بۆ نمونەى سەندیکاى پزیشکان یان سەندیکاى کارمەندانى تەندروستى یان سەندیکاى دەرمانسان ..هتد، هەموو ئەوانە کەیسەکانیان دەچێتەوە بۆ شوێنى دیارى کراوى خۆی".

لە دادگاکاندا بە پێى ماددەى 411 بڕگەى 1،2 لە یاساى سزادانى عێراقى مامەڵە لەگەڵ کەیسى هەڵەى پزیشکى دەکرێت.
هیوا عەلى، پارێزەرى ڕاوێژکار لە بارەى ڕێکارە یاسایەکانى سکاڵایەکى کەیسى پزیشکى بە بوارنیوزى راگەیاند "ئەگەرچى هەڵە پزیشکیەکان لە هەرێمى کوردستاندا زۆرن، بەڵام کەمترین سکاڵا دەبرێتە دادگاکان، هۆکارەکەشى بۆ دەستنەکەوتنى بەڵگەى پێویست لەلایەن نەخۆشەوە یان کاریگەرى پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و ئاشتەواى کردن لە دەرەوەى دادگا یاخود پرسى سەروەر نەبوونى یاسا، هەموو ئەوانە وا دەکات لە کەیسى هەڵەى پزیشکى کەمترین سکاڵاکار هەبێت".

وتیشى"نەخۆش لە پێش چوونە ژوورى نەشتەرگەرى فۆرمێکى پێ واژۆ دەکرێت هەموو خاڵەکان لە قازانجى تیمە پزیشکیەکەدایەو هیچ بەرژەوەندیەکى نەخۆشى تێدا نیە کە دەبێت واژۆى لەسەر بکات، زۆرجار ئەو فۆرمە هەر ناخوێندرێتەوە تەنها هەر واژۆى لەسەر دەکرێت کاتێک ڕوداوێکى نەخوازراو ڕوودەدات یان کەمتەرخەمیەک دەبێت لە چارەسەرەکەدا تیمەکە ڕێکدەکەون هیچ بەڵگەیەک نەدەنە نەخۆش یان کەسوکارەکەى بەوپێیەش ئەو کەسە کەیسەکەی دەدۆڕێنێت هەر ئەمەش وا دەکات کەمترین کەیس بێتە دادگاو سکاڵا تۆمار بکرێت".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color