گرنگ

ئێران، بەتەواوی ئاوی زێی بچوکی وشککرد


 

"گرفتی نەبوونی ئاوی خواردنەوە لە قەڵادزێ بەردەوامە"
بوارنیوز، سلێمانی
بەهۆکارێکی نادیار ماوەی هەفتەیەکە ئێران دەستیکردووە بە گرتنەوەی ئاوی زێی بچوک بەو هۆیشەوە بەتەواوی سەرچاوەی ئاوی پرۆژەی خاسە وشک بووە، بە وتەی بەڕێوەبەری ئاوی قەڵادزێ گرفتێکی گەورەی نەبوونی ئاوی خواردنەوە ڕووی لە سنورەکەیان کردووە چارەسەرکردنیشی لە توانای ئەواندا نییە.
زانا عوسمان، بەڕێوەبەری پرۆژەی ئاوی خاسە لە قەڵادزێ بە بوارنیوزی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی ماوەی هەفتەیەکە کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیکردووە بە گرتنەوەی ئاوی زێی بچوک بەوهۆیەوە بە تەواوی ئاوی زێی بچوک وشکیکردووە ئەوەش وایکردووە کە هیچ بڕە ئاوێک نەگاتە پەمپەکانی پرۆژەی ئاوی خاس بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ کە زیاد لە 80 هەزار هاوڵاتی لە چاوەڕوانی دابینکردنی ئاوی خورادنەوەدان.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە لە سەرەتای گرتنەوەی ئاوەکە بڕێکی کەم ئاو دەهات ئێمە ڕێڕەوی ئەو ئاوەشمان بەرەو پەمپەکانی پرۆژەکە گۆڕی، بەڵام ئەو بڕە ئاوەکەمەش وشکیکرد، لە ئێستادا هیچ بڕە ئاوێک ناگاتە پرۆژەی ئاوی خاس، بۆیە دانیشتووانی سنورەکە ڕووبەڕووی گرفتێکی گەورە بوونەتەوەو چارەسەرکردنی گرفتەکەش لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، بەڵکو دەبێت لە ئاستی باڵا لەگەڵ لایەنی ئێرانی قسە بکرێت بۆ بەردانەوەی ڕێژەیەک لە ئاوی زێی بچوک.
بەڕێوەبەری پرۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ ئەوەشی خستەڕوو، جگە لە زێی بچوک هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی ئاوی لە سنورەکە بوونی نییە تا بتوانین پشتی پێبەستین بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، دابینکردنی ئاوی خواردنەوەش بە تانکەر لەلایەن خودی هاووڵاتیانەوە ئەرکێکی زۆریان دەخاتە سەر، بۆیە لە چاوەڕوانی لایەنە پەیوەندیدارەکانداین بۆچارەسەرکردنی گرفتەکە و گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنی ئێرانی.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color