گرنگ

سەرۆکى لیژنەى دارایى: مووچەى خانەنشینى هیچ پلە باڵایەک نابڕدرێت


 

"بەپێى یاسای چاکسازی ئەو خانەنشینانەی موچەیان بڕدراوە دواتر مووچەکانیان پێدەدرێـتەوەو قەرەبوش دەکرێنەوە"
بوارنیوز، سلێمانى
ماوەى چەند ڕۆژێکە لە هەندێک دەزگاى ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیاوە لیستى ناوى ئەو بەرپرسە باڵایانە بڵاو دەکرێتەوە گوایە بە پلەى وەزیر و وەکیل وەزیر خانە نشینکراون و مووچەکانیان دەبڕدرێت، بەڵام سەرۆکى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى کوردستان ئاماژە بەوە دەکات ئەو خانەنشینانەى کێشە لە دۆسیەکانیاندا هەبێت بەشێوەى کاتى بەشێک لەمووچەکانیان ڕادەگیرێت و مووچەى هیچ خانەنشینێکى یاسایى نابڕدرێت.
زیاد جەبار، سەرۆکى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى کوردستان بە بوارنیوزى ڕاگەیاند: هەموو ئەو کەسانەى کە بە پلەى باڵا خانەنشینکراون لەلایەن حکومەتى هەرێم و ئەنجومەنى وەزیرانەوە خانەنشینکراون، بەڵام ئەوەى لە دەزگاى ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا بڵاو دەکرێتەوە راستى بابەتەکە بەو جۆرە نییە، چونکە بۆ نمونە کاتیک باس لە (جەبار فەرمان) دەکرێت، مووچەکەى بڕردراوە هەموو کەس دەزانێت ناوبراو وەزیرى پێشمەرگە بووە، بەڵام ئەمە لە چوارچێوەى یاساى ژمارە دووى ساڵى 2020 کە بەیاساى چاکسازى ناسراوە مووچەى سەرجەم پلەباڵاکان لە سەرۆکى هەرێم تا بەڕێوەبەرێکى گشتى رێکخراوەتەوە، هەموو ئەوانەى خانەنشین کراون بە پلەى باڵا سەیرى دۆسیەکانیان دەکرێتەوە هەر کەس کەموکورتى لە دۆسیەکەیدا هەبێت داواى لێدەکرێت چاکى بکات.
ئاماژەى بەوەشکرد، بەگوێرەى ڕێنماییەکانى یاساى چاکسازى هەر کەسێک کەموکورتى لە دۆسیەکەیدا هەبێت تا ئەو کاتەى ئەو کەموکورتیانە چاک دەکات لە %25 موچەکانیان بۆ خەرجدەکرێت و لەدواى چاککردنى کەموکورتییەکانیش بە پێى یاسا نوێیەکە مووچەکانیان بۆ خەرجدەکرێتەوەو ئەوەشى لێیان بڕدراوە بۆیان دەگێڕدرێتەوە بۆیە مووچەى هیچ خانەنشینێکى یاسایى نابڕدرێت، بەڵکو ئەگەر کەموکورتى لە دۆسیەکانیاندا هەبێت بەشێوەى کاتى بەشێک لە مووچەکانیان ڕادەگیرێت.
سەرۆکى لێژنەى دارایى لە پەرلەمانى کوردستان ئەوەشى خستەڕوو، ئەو کەسانەى بە پلەى باڵا خانەنشینکراون و کەموکورتى لە دۆسیەکانیاندا هەیە خانەنشینى سەرجەم حزبەکانى تێدایە، ئێمە لەگەڵ سکرتێرى لیژنەى باڵاى چاکسازى کۆبووینەتەوە تێبینى خۆمانمان ئاراستە کردووە لەبارەى کۆمەڵێک بڕگەو مادە کە تا ئێستا نەتواندراوە لە یاساى چاکسازى جێبەجێ بکرێت.
وتەکانى سەرۆکى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى کوردستان لە کاتێکدایە کە وەزارەتى دارایى هەرێم ئەوەى بڵاو کردوەتەوە دۆسیەی خانەنشینی پلە تایبەتەکان کە ژمارەیان هەزارو 839 کەسە، زیاتر لە 60% یان پێداچوونەوە بە دۆسییەکانیاندا کۆتایى هاتووە. بەجۆرێک 369 دۆسیەی بەرێوەبەری گشتی هەموارکراوەتەوە هیچ کەم و کوڕی لە دۆسیەکانیان نیە، دۆسیەی 193 ڕاوێژکار هەموارکراوەتەوە هیچ کەم و کوڕی لە دۆسیەکانیان نیە تەواو بووە مووچەکانیان بۆ خەرج کراوە، دۆسیەی 74 بریکاری وەزیر هەموارکراوەتەوە هیچ کەم و کوڕی لە دۆسیەکانیان نیە تەواو بووە مووچەکانیان بۆ خەرج کراوە، هاوکات دۆسیەی 140 وەزیرو 394 پەرلەمانتار مووچەکانیان بۆ خەرج کراوە بە ڕێژەی (%25) کاتێک راژەیان هێناوە بە گوێرەی راژەکەیان مووچەیان بۆ راستدەکرێتەوە جیاوازی مووچەیان بۆ خەرج دەکرێت نابێت ڕێژەی مووچەیان لە (%50) زیاتر بێت.
وەزارەتى دارایى ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە کە کۆی گشتی ئەو دۆسیانەی هەموار کراوەتەوە کە دەگاتە هەزارو 170 دۆسیە بە پێی یاسای چاکسازی ژمارە (2) ی ساڵی 2020 مووچەکانیان بۆیان خەرج کراوە، بەڵام دۆسیەی 396 بەرێوەبەری گشتی دۆسیەکانیان خزمەتیان تێدانیە مووچەکانیان ڕاگیراوە کە بە بڕیاری تایبەت خانەنشین بوون، دۆسیەی 145 راوێژکاریش مووچەکانیان راگیراوە، چونکە دۆسیەکانیان خزمەتی تێدانیە تاکو ڕاژەکانیان نەهێننەوە مووچەکانیان بۆ خەرج ناکرێت، بەڵام لەکاتی هێنانەوەی ڕاژەیان کە بوو بە 15 ساڵ مووچەکانیان بۆ راستدەکرێتەوە جیاوازی مووچەکەیان بۆ خەرج دەکرێت، هاوکات دۆسیەی 42 وەزیرو دۆسیەى 86 بریکاری وەزیر مووچەکانیان راگیراوە چونکە دۆسیەکانیان خزمەتی تێدانیە تاکو ڕاژەکانیان نەهێننەوە مووچەکانیان بۆ خەرج ناکرێت. کۆی گشتی ئەو دۆسیانەی کە ڕاگیراوە کە دەگاتە 669 دۆسیە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color