گرنگ

حکومەتی عێراق 30 هەزار کەس لەناوچە کێشە لەسەرەکان بۆ حەشدی شەعبی دادەمەزرێنێت


 

حکومەتی عێراق 30 هەزار کەس لەناوچە کێشە لەسەرەکان بۆ حەشدی شەعبی دادەمەزرێنێت
پەرلەمانتارێکی پارتی:
ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی زیاترلە 100 هەزار دەنگ بۆ حیزبە سیاسیەکانی حشدی شەعبی
بوار نیوز، هەردی سەمەد
حکومەتی عێراقی لەناوچە کێشە لەسەرەکان بەیەکجار سی هەزار کەس بۆ حەشدی شەعبی دادەمەزرێنێت و ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش ئەو بڕیارەی حکومەتی عێراق بۆ گۆڕینی هاوکێشەی سیاسی لەو ناوچانە دەگێڕێتەوە.
وەزیری دارایی عێراق بەیەک بڕیار 30 هەزار کەس، بەنوسراوی ژمارە 60907، لە ڕۆژی 13ی 9ی 2021 وەک هێزی حشدی شەعبی دامەزراند.
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، زۆرینەی ئەو کەسانەی بۆ حەشدی شەعبی دادەمەزرێن دەکەونە ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.
سەبارەت بەو بڕیارەی حکومەتی عێراقی، ناسر هەرکی، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە بوار نیوزی ڕاگەیاند "ئەم دامەزراندنە گەورەترین مەترسی لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم و ناوچە سوننەکان دروست دەکات، چونکە بەشی زۆری ئەوکەسانەی دامەزراون دانیشتوی ناوچە سوننی و کوردییەکانن، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕاکێشانی زیاترلە 100 هەزار دەنگ بۆ حیزبە سیاسیەکانی حشدی شەعبی".
گووتیشی "ئەم پارەیە بەناوێکی تر لەبودجەی عێراق لەپەرلەمان تێپەڕی، بەڵام حەشدی شەعبی بۆ دامەزراندن و سوودی هەڵبژاردن بەکاریهێناوە، بەم شێوەیە کۆنترۆڵی دەنگەکانی ناوچە سوننەکان و کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم دەکات".
بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری، مەترسی خۆی ئاشکرا کرد، لەسەر هەڵبژاردن لەناوچە کوردستانیەکان و وتی "هەر شوێنک سەرباز حوکمی تێدا بکات، بەدڵنیایەوە شتێک نابێت بەناوی دیموکراسی و هەڵبژاردن، ڕۆژانە هێزی زیاتر دەنێرین بۆ ئەم ناوچانە، هەرچەند سەرۆکی حکومەتی عێراق و یوئین بەڵێنی چاودێری چڕیان داوە لە ناوچە کوردستانیەکان، بەڵام ئێمە ترسی زۆرمان هەیە لە پێشلکاری لەناوچەکە بەهێز ئەنجامبدرێت".
بەبڕوای ئەو پەرلەمانتارەی پارتی کورد لەشارەکانی موسڵ و کەرکوک و دیالەو تکریت، مەترسی کەم بوونەوەی دەنگەکانی لەسەرە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color