گرنگ

هەندێک کەس پێیان وایە نەخۆشیی (قۆڵۆن)یان هەیە، بەڵام وا نییە!


 

نەخۆشیی گرژیی کۆڵۆن یان وەک ئەوەی زۆر کەس پێی دەڵێن (قۆڵۆن) نەخۆشییەکی زۆر باوە و گەلێک کەس بە دەستییەوە دەناڵێنن. بەڵام بەشێک لەو کەسانەی کە خۆیان پێیان وایە کە ئەو حاڵەتەیان هەیە، یان کێشە تەندروستییەکەیان بەو حاڵەتە دەستنیشان کراوە؛ دەشێت وا نەبێت و حاڵەتێکی تر بێت.
کۆمەڵیک نەخۆشی و کێشەی دیکەی تەندروستی هەن نیشانەکانیان نزیکیی زۆریان هەیە لەگەڵ گرژیی کۆڵۆن، بۆیە دەبێت یەکلایی بکرێتەوە کە ئایا کێشەکە ئەمەیانە یان ئەوانی تر.
هیچ پشکنین و ڕێیەک نییە بۆ دەستنیشان کردنی گرژیی کۆڵۆن، بەڵام بۆ حاڵەتە نزیکەکانی هەیە، بۆیە دەبێت پشکنین بکرێت بۆ ئەوانی تر، ئەگەر پشکنینەکان نەگەیشتن بەوەی ئەوانی تر دەستنیشان بکرێت، ئەو کات دەتوانرێت بوترێت حاڵەتەکە بریتییە لە گرژیی کۆڵۆن. بەڵام زۆر جار لە کەرتی گشتی ئەو پشکنینانە بەردەست نین، لە کەرتی تایبەتیشدا نەخۆش ناخوازێت پشکنینی زۆری بۆ بکرێت، بۆیە یەکسەر پێی دەوترێت "گرژیی کۆڵۆنت هەیە".
مەرج نییە هەموو جارێک پشکنین بکرێت، بەڵام بوونی یەکێک یان زیاتر لەم نیشانانە، نیشانەی ئەوەیە حاڵەتەکە نەخۆشییەکی ترە، کە هەندێکیان نەخۆشیی خراپیشن:
١. بوونی خوێن لە پیساییدا (بێ ئەوەی کەسەکە نەخۆشیی وەک مایەسیری هەبێت)
٢. بوونی چەوری یان خۆراکی هەرسنەکراو لە پیساییدا
٣. کەمخوێنی
٤. هەست کردن بە گرێ لە سکدا
٥. دابەزینی کێشی لەش (بێ هەوڵدان بۆ دابەزاندنی)
٦. بوونی پێشینەی تووش بوون بە شێرپەنجەی ناوسک لەنێو کەسوکاردا
٧. سەرهەڵدانی حاڵەتەکە لە تەمەنی سەروو ٦٠ ساڵیدا
٨. بوونی تا
٩. بەرزیی پشکنینەکانی خوێن وەک ESR
١٠. توندتر بوونی نیشانەکان
هەر کەسێک ئەم نیشانانەی هەبێت؛ دەبێت بە زووترین کات ڕاوێژ بە پزیشک بکات.
د. زانا ئەحمەد
پزیشکی پسپۆڕی هەناو

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color