گرنگ

وەزارەتی کارەبا: دەمانەوێت 20%ی بەرهەم هێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە بێت


 

تێچووی هەر مێگاواتێک کارەبا بە وزەی خۆر لەنێوان 700 هەزار تاوەکو ملیۆنێک دۆلار دایە
بوار نیوز، تایبەت
لەگەڵ ئەوەی تێچووی بەرهەم هێنانی هەر مێگاواتێک کارەبا لەنێوان 700 هەزار تاوەکو ملیۆنێک دۆلار دایە، بەڵام وەزارەتی کارەبا سوورە لەسەر بەرهەمهێنانی رێژەی 20%ی کارەبای نیشتمانی لە رێگەی وزەی خۆرەوە، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت: "هەر هاوڵاتییەک کە پرۆژەی بەرهەم هێنانی کارەبا بە وزەی خۆری هەبێت، دەتوانێ کارەباکەی بە تۆڕی نیشتمانی ببەستێتەوەو کرێی فرۆشتنی کارەباکەی وەربگرێتەوە".
لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان، حەوت هەزارو 52 مێگاوات کارەبا بەرهەم دێنێت، کە 78%ی بە گاز بەرهەم دێت و 1%ی دیزل-ە و 9%ی بە نەوتی رەش و 9%ی بە ئاو و 3%ی بە رێگەی گازی قوڕسەوە بەرهەم دێت.
لەگەڵ ئەوەی تاوەکو ئێستا چەندین پڕۆژەی بەرهەم هێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون، بەڵام ئەم پرۆژانە زیاتر لە نەخۆشخانە، قوتابخانە، کەمپی شێخان و زانکۆی دهۆک و دواترینیان لە گوندی رێزان جێبەجێ کراوە.
لەبارەی تێچووی بەرهەم هێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە، ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە بوارنیوزی راگەیاند: "تێچووی بەرهەم هێنانی کارەبا زۆر زۆرە، بەپێی خەمڵاندنی ئێمە بۆ هەر مێگاواتێکی کارەبا تێچووەکەی لەنێوان 700 هەزار تاوەکو ملیۆنێک دۆلار دایە، بەڵام حکومەت و وەزارەتی کارەبا سوورن لەسەر بەرهەم هێنانی 20%ی کارەبای هەرێمی کوردستان لە رێگەی وزەی خۆرەوە".
گوتیشی: "سێ‌ پڕۆژەی بەرهەم هێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک لە قۆناغی تەندەرینگدایە و بەو زووانە رادەگەیەندرێت".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کارەبا، ئاماژەی بەوەشکرد: "جگە لەوە وەزارەتی کارەبا کار بۆ بەرهەم هێنانی کارەبا لەرێگەی وزەی خۆرەوە دەکات، هانی هاوڵاتیان و کۆمپانیاو خاوەنکاران دەدات کار بۆ بەرهەم هێنانی بکەن، تەنانەت بڕیاریانداوە هەر هاوڵاتییەک پرۆژەی بەرهەم هێنانی کارەبا بە وزەی خۆری هەبێت، دەتوانێ کارەباکەی بە تۆڕی نیشتمانی ببەستێتەوەو کرێی فرۆشتنی کارەباکەی وەربگرێتەوە".
بەرهەم هێنانی کارەبا لە وزەی خۆر "کاتی زۆری دەوێت و مامەڵەی ئاسان نییە، بەڵام کە هاتە بەرهەم دەبێتە دۆستی ژینگەو سەرچاوەیەکی وزەی خاوێنە بۆ هەرێمی کوردستان".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color