گرنگ

جگە لە بەرەی تورکمانی، حزبە تورکمانییەکانی دیکەی کوردستان بەشداری هەڵبژاردن عێراق ناکەن


 
بەرەی تورکمانی "دڵنیایە" لە هەولێر هیچ کاندیدێکی دەرناچێت
 
بوار نیوز، تایبەت
لە کۆی 13 حزبی تورکمانی لەهەرێمی کوردستاندا، تەنیا بەرەی تورکمانی عێراقی بە سێ‌ کاندید لەهەولێر بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات، بەڵام ئەو حزبەش "دڵنیایە" کاندیدانی دەنگی پێویست بەدەست ناهێنن.
لەگەڵ ئەوەی زۆربەی حزبە تورکمانییەکانی هەرێمی کوردستان، بەشداری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، بەڵام بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، تەنیا بەرەی تورکمانی بەشداری دەکات.
لەبارەی هۆکاری بەشداری نەکردنیان، دڵشاد چاوشلی سکرتێری پارتی دیموکراتی تورکمانی کوردستان بە بواری راگەیاند: "جگە لە کێشەی ماددی، یاسای نوێی هەڵبژاردنی عێراق هاوکارمان نییە تاوەکو بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بکەین. کێشەی فرە بازنەیی و پەرتبوونی دەنگەکان هۆکارێکی دیکەیە بۆ بەشداری نەکردنمان".
گوتیشی: "ئەگەر هاوشێوەی پەرلەمانی کوردستان، لە پەرلەمانی عێراقیش کۆتا بۆ تورکمان دانرابووایە، ئەوا بەشداریمان دەکرد".
بەرەی تورکمانی عێراقی وەکو تاکە حزبی تورکمانی لە هەولێر بە سێ‌ کاندید (ریحاب تۆفیق و کازم یاروە و بنار تەیمور) بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات.
بڕوا عومەر رەسول، بەرپرسی رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی بەرەی تورکمانی عێراقی بە بواری راگەیاند: "کار بۆ سەرخستنی هەرسێ‌ کاندیدەکەمان دەکەین، بەڵام کێشەی ئێمە ئەوەیە، کە چڕی دانیشتووانی تورکمان لە سەنتەری هەولێرە، بۆیە ئەوە تاکە گرفتمانە، لەگەڵ ئەوەشدار بەشداریکردنمان مانای ئامادەیی بەرەی تورکمانی لە هەولێر دەگەیەنێت".
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە بەرپرسانی بەرەی تورکمانی بە بوار نیوز دراوە، بەرەی تورکمانی "دڵنیایە" هیچ کاندیدێکیان ناتوانێت دەنگی پێویست بۆ گەیشتنە پەرلەمان بهێنێت، بەڵام بەشداری کردنی بەرەی تورکمانی لە هەولێر بۆ "ئیحراجکردنی حزبەکانی دیکەی تورکمان و نیشاندانی بەرەی تورکمانییە بە حزبێکی خاوەن پێگەی جەماوەریی لە پارێزگای هەولێر".
دڵشاد چاوشڵی، پێیوایە بەشداری بەرەی تورکمانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق "بەشدارییەکی شکلی و ئیعلامییە، بۆیە زۆر زەحمەتە کورسییەک بەدەست بهێنن".
تورکمانی هەرێمی کوردستان بە سیستەمی کۆتا، پێنج کورسیان لە پەرلەمانی کوردستادا هەیە، هەر بە سیستەمی کۆتا، سێ‌ کورسیان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرو کورسییەکیشیان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا هەیە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color