گرنگ

کاڵای چینی دوای کاڵای تورکی و ئێرانی، کۆنتڕۆڵی بازاڕەکانی هەرێم دەکات


 

ساڵانە بایی نزیکەی سێ ملیار دۆلار کاڵا لە چینەوە هاوردەی هەرێم دەکرێت
بوار نیوز، هەولێر
کاڵای چینی لەدوای کاڵای ئێرانی و تورکی، کۆنتڕۆڵی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەکات. ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی چین شوێنێکی گرنگی جوگرافی هەیەو پرۆژەی گەورەی رێگای ئاوریشمی چینی بەهەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت.
ساڵانە بایی نزیکەی دوو ملیارو 500 ملیۆن دۆلار کاڵا لە چینەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت. هەروەها چین بەم دواییانە وەبەرهێنانەکانی خۆی لە هەرێمی کوردستان زیادکردووە، دیارترینیان وەبەرهێنانی پێنج ملیار دۆلاری ئەو وڵاتەیە لە هەولێر کە کۆمەڵگەیەکی بازرگانی و نیشتەجێبوون و گەشتوگوزارییە.
لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا قەبارەی بازرگانیی نێوان چین و عێراق گەیشتووەتە 16.38 ملیار دۆلار. هەناردەی چین بۆ عێراق 4.93 ملیار دۆلارو هاوردەشی لە عێراق 11.45 ملیار دۆلار بوە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان بە بوار نیوزی راگەیاند "70 تا 80 کۆمپانیای چینی لە هەرێمی کوردستان کاری بازرگانی دەکەن و وەبەرهێنانیشیان لە هەرێمی کوردستان کردووە".
بەپێی ڕاپۆرتێکی بەشی ئابوری باڵوێزخانەی چین لەعێراق، لە ساڵی 2020دا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و چین 30 ملیار دۆلار بووە، لەو ژمارەیەوە 10.9 ملیار دۆلاری هەناردەی چین بووە بۆ عێراق و 19.25 ملیار دۆلاریشی هەناردەی عێراق بووە بۆ چین کە بە زۆری پەیوەست بووە بە هەناردەکردنی نەوتی خاو.
چین بووەتە بازاڕێکی گەورەی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 40%ی نەوتی بەرهەمهێندراوی رۆژانەی عێراق هەناردەی چین دەکرێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color