گرنگ

وەبەرهێنانی فەرەنسا لە عێراق و هەرێم بەدەر لە کەرتی نەوت و گاز، سێ ملیار دۆلارە


 
قەبارەی وەبەرهێنانی فەڕەنسا لەعێراق لەماوەی چوار ساڵ بۆ دە هێندە زیادی کردوە
 
بوار نیوز، هەردی سەمەد
وەبەرهێنانی کۆمپانیا فەڕەنیسییەکان لەهەرێمی و کورستان و عێراق جگە لەسێکتەری نەوت و گاز بۆ نزیکەی سێ ملیار دۆلاری ساڵانە بەرزبووەتەوە.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 30 تاوەکو 35 کۆمپانیای فەرەنسی لە بوارەکانی گەیاندن، پیشەسازیی قورسی وەک چیمەنتۆ کاردەکەن.
سێ کۆمپانیای گەورەی فەرەنسی، فرانس تێلیکۆم، لافارژ و کارفوور ئەو کۆمپانیا بەرچاوانەی فەرەنسان، کە پێکەوە لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆییەکانی هەرێم کاردەکەن.
جگە لە بواری بازرگانی و پیشەسازی، لە بواری نەوت و گازیشدا کۆمپانیای تۆتاڵ لە کێڵگەی سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆک خاوەن 18.5%ی پشکەکانی کێڵگەکەیە. کۆمپانیای تۆتاڵ لەگەڵ هاوبەشەکەی، کۆمپانیای HKNی ئەمریکی، سەرقاڵی پەرەپێدانی ئەو کێڵگە نەوتییەن. بڕیارە کۆمپانیای تۆتاڵ و هاوبەشەکانی تاوەکو ساڵی داهاتوو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی سەرسەنگ بەرزبکەنەوە بۆ رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت.
لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیای تۆتاڵ کە ئێستا ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ تۆتاڵ ئێنێرجی، لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا گرێبەستی گەورەی نەوتی لەگەڵ حکومەتی عێراق بە بڕی 7 ملیار دۆلار بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی عێراق واژۆکرد. گرێبەستەکەی تۆتاڵ ئێنێرجی لەگەڵ حکومەتی عێراق چوار پرۆژەی گەورە لە خۆ دەگرێت لە نێوانیشیاندا پەرەپێدانی ژێرخانی نەوت و پرۆژەی وەبەرهێنانی کارەبا لەرێگەی تیشکی خۆرەوە.
لە ساڵی 2017 ، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان فەرەنسا و عێراق تەنیا 250 ملیۆن دۆلار بووە، لە ساڵی 2018 و 2019 بەرزبووەوە بۆ 800 ملیۆن دۆلار. بەڵام پەتای کۆرۆنا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق لە ساڵی 2020دا بە رێژەی نزیکەی 50٪ دابەزاند.
لەشەش مانگی سەرەتای ئەمساڵیش قەبارەی ئاڵ و گۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و فەڕەنسا زیاتر لەملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color