گرنگ

هەر قەزایەكی كوردستان 20 فەرمانبەر دەگرێتەوە


 

بانكی ناوەندی عێراق داوا دەكات ئەم فەرمانبەرانەی هەرێم مووچەیان بخرێتە سەر عێراق

بوارنیوز
بانكی ناوەندی عێراق لە رێگەی نوسراوێكەوە داوای لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم كردووە، ناوی سەرجەم فەرمانبەرانی بانكە بازرگانییەكان بە لیستێك ئامادە بكەن و ئاراستەی بانكی ناوەندی بكەن، بۆ ئەوەی مووچەكانیان بخرێتە سەر وەزارەتی دارایی عێراق.

نوسراوێكی بانكی ناوەندی عێراق ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم كراوە و كۆپیەكی دەست بوارنیوز كەوتووە تیایدا هاتووە، مووچەی فەرمانبەرانی بانكە بازرگانیەكان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری دەخرێتە سەر وەزارەتی دارایی عێراق بە چەند مەرجێك.
لەسەرەتای نوسراوەكە ئاماژە بەوەكراوە، دەبێت لە هەر قەزایەك یەك بانك هەبێت و ژمارەی فەرمانبەرانی ئەم بانكە نابێت لە ٢٠ فەرمانبەر زیاتر بێت، پێویستە ئەو بانكانەی زیادەن لەگەڵ بانكێكی نزیكی ئەو شوێنە لێك بدرێن و بكرێنە یەك بانك.

لە خاڵێكی تری بڕیارەكە هاتووە پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم بڕی مووچە پاشكەوتكراوەكانی مووچەخۆرانی بانكەكان بداتەوە كە بڕی پارەكە ۹۰ ملیار دینارە.

هەر بەپێی بڕیارەكەی بانكی ناوەندی عێراق ئاماژە بەوەكراوە كە خەرجی هەموو بانكەكان لەسەر وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت.

لە كۆتایی نوسراوەكەی بانكی ناوەندی عێراقی هاتووە، گەر ئەو مەرجانەی لە بڕیارەكە جێگیر كراوە جێبەجێ بكرێت ئەوا لە ١/١/٢٠٢٢، بڕیارەكە جێبەجێ دەكرێت و مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی ئەو بانكانەی دەكەونە هەرێمی كوردستان لەسەر وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم 92 بانكی هەیە لەژێر ناوی بانكە بازرگانیەكان و ژمارەی فەرمانبەرانی ئەو بانكانە بریتیە لە دوو هەزار و پێنج سەد فەرمانبەر.

بوارنیوز هەوڵیدا رای حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی و ئابووری وەربگرێت، بەڵام هیچ كەسێك ئامادە نەبوون لە ئێستادا قسە لەسەر ئەو نوسراوە بكەن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color