گرنگ

هەولێر پەیامێکی دڵنیایی دەداتە تاران


 
هه‌رێم پەیامی بۆ ئێران ناردووە، بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەن خاکی هەرێم بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت
 
بوارنيوز، تايبه‌ت
حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی دڵنیایی ئاراستەی حکومەتی ئێران کردووە، کە پەیوەندی بە هەڕەشەکانی ئەم دواییەی تارانەوە بۆ سەر پارتە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دراوە بەبوارنیوز، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی رابردوو لەڕێگەی پەیوەندییەکانی خۆیەوە پەیامی ئەوەی بۆ حکومەتی ئێران ناردووە، بەهیچ شێوەیەک رێگەنادەن خاکی هەرێمی کوردستان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت.
ئەم پەیامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوو حکومەتی ئێران چەند جارێک پەیامی هۆشداری‌و هەڕەشەی ئاراستەی هەولێر کرد، بەوەی چیتر قبووڵ ناکات، پارتە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەناو خاکی هەرێم بارەگای سەربازی‌و چالاکی چەکداریان هەبێت.
هەر بەپێی زانیارییەکان لەدوای هەڕەشەکانی ئێران، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بەگفتوگۆ لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووەو داوای لێکردوون، نابێت بەهیچ شێوەیەک خاکی هەرێمی کوردستان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنن.
لەو بارەوە بوارنیوز پەیوەندی بە نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێم لەتاران کردو ناوبراو لەمیانی لێدوانێکی پشتراستیکردەوە، حکومەتی هەرێم دڵنیایی داوەتە حکومەتی ئێران، چیتر رێگە بەچالاکی لایەنە کوردییەکان نادات.
نازم دەباغ وتیشی: پەیامەکەی حکومەتی هەرێم ئەوە بووە، ئەوان ئیدانەی هەر هێرشێک دەکەن لەخاکی هەرێمەوە بکرێتە سەر ئێران‌و هەموو هەوڵێکی خۆشیان دەدەن، خاکی هەرێم بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکارنەهێنرێت.
لەبارەی هۆکاری هەڕەشەکانی ئەم دواییەی لایەنی ئێرانی نازم دەباغ وتی: ئێران جاری یەکەم نییە هەڕەشە دەکات‌و جاری کۆتایش نابێت، بەتایبەتی کاتێک ئەو پارتە کوردییانە چالاکییەکانیان زیاد دەکەن.
نوێنەری حکومەنی هەرێم لەتاران جەختیکردەوە، دەبێت پارتە کوردییەکانیش ئەوە بزانن، نابێت خاکی هەرێم بۆ هێرش بەکاربهێنن‌و وتیشی: لەسەر هەردوو حکومەتی هەرێم‌و ئێرانیشە، کە پارێزگاری لەسنوورەکانیان بکەن، بەتایبەتی سنوورە هاوبەشەکانیان.
لەبارەی هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لەسەر هەڕەشەکانی ئێران‌و وەڵامیان بۆ پەیامەکەی حکومەتی هەرێم، نازم دەباغ وتی: ئەوەندەی من زانیاریم هەبێت، هەڵوێستی لایەنە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەرێنی بووەو ئەو پەیامەیان بەهەولێر داوە، هەوڵ دەدەن کۆنتڕۆڵی هێزە چەکدارییەکانیان بکەن.
ساڵانێکە چەند پارت‌و لایەنێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بارەگایان هەیەو بەردەوامیش ئەوە لایەنی ئێرانی نیگەران کردووە، بۆیە هەمیشە فشار لەحکومەتی هەرێم دەکات، کە رێگە بەبوونی ئەو بارەگایانە نەدات لەسەر خاکەکەی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color