بوار نیوز، هەولێر
لەهەڵبژاردنی ئەمرۆدا، بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکان، لەعێراقدا ٢٤ ملیۆن و ٩٠٧ ھەزار و ٦٧٩ کەس مافی دەنگدانی ھەیە.
لەو ژمارەیە ١٤ ملیۆن و ٣١٦ ھەزار و ٢٣٧ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.
لە ھەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و ٤٨٦ ھەزار و ٧٨٧ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و ٩٤١ ھەزارو ٣٠٦ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.
لە ھەولێر یەک ملیۆن و ٢٣٨ ھەزار و ٣٧٩ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لە سلێمانی یەک ملیۆن و ٤٢٥ ھەزار و ٧٠٥ کەس مافی دەنگدانی ھەیە.
لە پارێزگای دھۆکیش ٨٢٢ ھەزارو ٧٠٣ کەس مافی دەنگدانی ھەیەو ٥٢٠ ھەزار و ٧٢٩ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.
لەم ھەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عێراق، سێ ھەزارو ٢٤٠ کاندید بەشدارن، لە چوارچێوەی ٢١ ھاوپەیمانی و ١٠٩ لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و بەشێک لە کاندیدەکانیش سەربەخۆن، سەرجەمیان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق.
پێشتر ژمارەی کاندیدەکان سێ ھەزار و ٢٤٩ کەس بوون بەڵام یەکێکیان گیانی لەدەستداو کۆمیسیۆنیش بە تۆمەتەکانی سەرپێچیی رێساکانی بانگەشەکردن، پێشکەشکردنی بڕوانامەی ساختە و کڕینی کارتی دەنگدان ژمارەیەکیانی دورخستەوە.