گرنگ

پارتی نیگەرانە لەو ململانێیەی لەنێوان کاندیدەکانی هەیەتی


 
پارتی ترسی هەیە لەهەولێرو دهۆک ژمارەیەک کورسی لەدەست بدات
 
بوار نیوز، تایبەت
پارتی دیموکراتی کوردستان ترسی هەیە بەهۆی ئیلتیزام نەکردنی دەنگدەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەو شێوازە دابەشکارییەکی بۆ هەر ناوچەیەکی کردوویەتی ژمارەیەک کورسی لەبازنەکانی هەولێرو دهۆک لەدەست بدات.
ئاشکرابونی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان شکۆکێکی گەورە بوە، چونکە بەشی زۆری دەنگدەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئیلتیزامیان بەدەنگدان بەو کاندیدانەوە نەکردووە کە لەبازنەکانی خۆیان بۆیان دیاریکراوە. بەڵکو بەپێی ئەنجامەکان بێت ژمارەیەک کاندیدی پارتی دەنگی زۆر باشیان هێناوەو ژمارەیەک کاندیدیش ژمارەی دەنگەکانیان هێندە کەمبوە شایەنی باسکردن نەبوە.
بەهۆی سیستەمی ئەمجارە هەڵبژاردن، ئەو هێزانەی لەیەک بازنەدا ژمارەیەک کاندیدیان هەیە، ئەگەر دابەشکاری سەرکەوتوانە نەکەن لەنێوان کاندیدەکانیان ئەگەری لەدەستچونی کورسییان هەیە، چونکە لەهەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگی زیادەی هەر لەکاندیدێک لەبازنەیەک کە لەهەمان حیزبێکیش بن بۆ کاندیدێکی دیکە ناچێت.
لەم چوار چێوەیەدا کە پارتی دیموکراتی کوردستان لەبازنەی یەکی هەولێر چوار کاندیدو لەبازنەی دوو، دوو کاندیدو لەبازنەی سێ، دوو کاندیدو لەبازنەی چواریش سێ کاندیدی هەیە.
لەدهۆکیش بەپێی ژمارەی کورسی بازنەکان کاندیدی دیاریکردووە. پارتی لەناو رێکخستنەکانی خۆی کاندیدەکانی دابەشکردوەو هەر کاندیدێک چەند ناوچەیەکی حیزبی بۆ دیاریکراوە کەدەنگ بەیەک کاندید بدەن و کار بۆ یەک کاندید بکەن بۆ ئەوەی دەنگەکانیان بەفیڕۆ نەچێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز ژمارەیەک کاندید لەهەولێرو دهۆک بەشەخسی بۆ خۆیان کاریان کردووە بۆ ئەوەی دەنگەکانی رێژەی باش بهێنێت.
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، بەشێک لە کاندیدانی پارتی جگە لەو ناوچانەی رێکخستنی حیزبەکەیان بۆیان دیاریکردون، هەوڵیانداوە لەرێگەی پێدانی پارەو پەیوەندییە شەخسییەکان بەرپرسی ئەو ناوچانە رازی بکەن کە کاریان بۆ بکەن کە بەپێی دابەشکارییە حیزبییەکانی پارتی دەبێت بۆ کاندیدێکی دیکە کاربکەن.
دوای ئاشکرابونی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت، پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەی بۆ دەرکەوتووە، سەرکەوتووە نەبوە لەجێبەجێکردنی پلانی ئیلتیزام پێکردنی رێکخستنەکانی خۆی کە بەپێی ئەو دابەشکارییەی کردوویەتی رێکخستنەکانی دەنگ بدەن.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color