چیا سکرتێرەکەی دەنێرێتە سەر عومەری سەید عەلیو داوای چۆڵکردنی گردەکەی لێدەکات
بوار نیوز، سلێمانی
گرژی لەنێوان چیا نەوشیروان مستەفاو عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دروست بووەو گرژییەکانیش بەردەوامی هەیە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست بوارنیوز کەوتووە، نیوەڕۆی رۆژی 11ی تشیرینی یەکەم، چیا نەوشیروان مستەفا سکرتێرەکەی ناردووەتە سەر عومەر سەید عەلیو داوای چۆڵکردنو دەستلەکارکێشانەوەی لێکردووە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، لەدوای ئەوەی سکرتێرەکەی چیا چووەتە ژوورەکەی عومەری سەید عەلیو پاسەوانەکانی هەوڵی دوور خستنەوەیانداوە گرژی دروست بووەو سکرتێرەکەی چیا چەندین جنێوی ناشیرینی بە رێکخەری گۆڕانداوە.
زانیارییەکان باس لەوەش دەکەن، دوای ئەوەی گرژییەکان زیادبوون، چەند بەرپرسێکی گۆڕان نێوەندگیرییان کردووەو سکرتێرەکەی چیایان دوورخستووەتەوە، بەڵام گرژییەکان بەردەوامی هەیە.
ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر بوارنیوز بڵاویکردەوە، کە فشارێکی زۆر لەسەر رێکخەرو ئەندامانی خانەی راپەڕاندنو چیا نەوشیروان مستەفا هەیە، ئەوەش بەهۆی ئەو ئەنجامانەی بزووتنەوەی گۆڕان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تۆماریکردووە.
زانیارییەکان باس لەوەش دەکەن، ئێستا دۆخێک لەناو گۆڕان دروست بووە، کە هەر یەکەو دەیەوێت ئەنجامی شکستەکە بخاتە ئەستۆی ئەوی ترو کەس ئامادەنییە بەرپرسیاری ئەو دۆخە هەڵبگرێت.
رۆژی 10ی تشیرینی دووەم، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرێوەچوو، بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنەکەش، بزووتنەوەی گۆڕان هیچ کورسییەکی پەرلەمانی نەبردووەتەوە، ئەوەش کاردانەوەی زۆری ناوخۆیی لەناو بزووتنەوەکە دروست کردووە.