گرنگ

ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن ڕازین بەدەستلەکارکێشانەوە


 

ئەمڕۆ بڕیار لەسەر کشانەوە لەکابینەی نۆیەم دەدرێت

بوار نیوز، سلێمانی
لەکۆبوونەوەی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن ڕازی بوون بە دەستلەکارکێشانەوەو پرسی کشانەوەش لەحکومەت ماوەتەوە بۆ کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی.
ڕۆژی سێ شەممە 12 تشرینی یەکەم جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبووەوە، ئەوەش بۆ تاوتوێکردنی چەند پێشنیازێک، کە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی گۆڕان تێی کەوتووە کرابوو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ئەندامێکی چڤاتی گشتی بەبوارنیوز دراوە، لەکۆبوونەوەکە گفتوگۆی چڕ کراوە لەبارەی ئەو هۆکارانەی کە گۆڕانیان گەیاندووە بەم دۆخە.

هەر بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، پێشنیازی دەستلەکارکێشانەوەی سەرجەم ئەندامانی خانەی ڕاپه‌ڕاندن و عومەر سەید عەلی ڕێکخەری گشتی پەسەند کراوەو ئەوانیش ڕازین بەو پێشنیازەو بڕیارە بخرێتە بەردەم ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی.

هاوکات سەرچاوەکە ئاشکرایکرد، هەر لەکۆبوونەوەکە، بابەتی کشانەوەیه‌ لەحکومەتی هه‌رێم و حکومەتی خۆجێی پارێزگاکان تاوتوێکراوەو لەسەر ئەو پرسەش ڕای جیاواز هەبووە، بۆیە بەرزکراوەتەوە بۆ کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی تا بەدەنگدان یەکلای بکەنەوە.

ڕۆژی 10ی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامە باراییەکانی هەڵبژاردنەکەش، گۆڕان هیچ کورسییەکی پەرلەمانی نەبردووەتەوە.

نەبردنی کورسی لەلایەن گۆڕانەوە کاردانەوەی گەورەی درووستکردو بەو هۆیەشەوە پێشنیازکراوە گۆڕان یان هەڵوەشێتەوە، یان ڕێکخەرو ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن، بەرپرسیاری ئەو دۆخە هەڵگرن و دەستلەکاربکێشنەوە، هاوکات گۆڕان لەحکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکان بکشێنەوە.

بڕیارە ڕۆژی چوار شەممەش جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە بکات و دوا بڕیار لەبارەی پێشنیازەکانی کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی بدات، بەو پێیەی ئەو جڤاتە باڵاترین ئۆرگانی بڕیاردانی بزووتنەوەکەیە.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color