گرنگ

دراو" چوار لایەنی سیاسی لە هەولێر: پێشێلكاری زۆر كراوە


 

"لە سۆران و رواندوز بەدەست دەنگ 
بوار نیوز، تایبەت
جگە لە رەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لە هەولێر، گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامیش رەخنەی توند لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەگرن و دەڵێن: " پێشێلكاری زۆر" ئەنجام دراوە، رێكخراوێكی كۆمەڵی مەدەنی-ش رادەگەیەنێت: "لە سۆران و رواندوز 50 ئامێر لەكارخراون و بەدەست دەنگ دراوە".
لێژنەی باڵای هەڵبژاردنی یەكێتی لە پارێزگای هەولێر، ئەنجامی دەنگدانی گشتی لە پارێزگاكە رەتكردەوەو رایگەیاند، جگە لە ساختەكاری رێكخراو، دەستكاریی ئەنجامەكانی دەنگدان كراوە.
هاوشێوەی یەكێتی، كۆمەڵی دادگەری كوردستانیش پێیوایە لە پارێزگای هەولێردا دەستكاری ئەنجامی هەڵبژاردن و مەڵبەندی ئەو حزبە لە هەولێر، دەڵێت: "كۆمەڵی دادگەری لە بازنەی چواری هەولێر زیاتر لە 13 هەزار دەنگی هێناوە، بەڵام ئەوەی كۆمسیۆن رایگەیاندووە كەمتر بووە لە 11 هەزار دەنگ".
دەشڵێن: "ژمارەی دەنگدەران لە بەشێكی ناوەندەكانی دەنگدان زۆرتر بووە لە پەڕاوی دەنگدەران و ئەوەش دەخەری ئەوەیە كە ئاسانكاری كراوە بۆ ساختەكاری".
بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن و ئاماری كۆمەڵی دادگەری كوردستان بە بواری راگەیاند: "لەهەولێر سكاڵامان تۆمار كردووە، چونكە پێشێلكاری گەورە لەو پارێزگایەدا كراوە، چونكە هەڕەشە لە بریكارەكانمان كراوەو خەڵك ئاراستە كراوە دەنگ بە لایەنێكی دیاریكراو بدات".
لەگەڵ ئەوەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پێیوایە، كە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە سنووری پارێزگای هەولێر چەند پێشێلكارییەك كراوە، بەڵام دەڵێن: "دەستكاری دەنگەكان نەكراوە".
هێمن ئەسكەندەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە بواری راگەیاند: "هەرچەندە هەڵبژاردنی ئەمجارە لەجارانی دیكە باشتر بوو، بەڵام هێشتا تێبینی زۆرمان هەیە چونكە هەڕەشە و چاوسووركردنەوە و پێشێلكاری كراوە، بەڵام وردە شتانە كاریگەریان لەسەر ئەنجامەكان نەبووە".
گوتیشی: "راستە پێشێلكاری هەبووە بەڵام دەستكاری دەنگەكان نەكراوە چونكە یەكگرتوو لە هەڵبژاردنی رابردوو 24 هەزار دەنگی لە هەولێر هێناوە، ئەمجارە بەهەردوو كاندیدەكەی چوار هەزار دەنگیان هێناوە".
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گۆڕان و یەكێتی هاوپەیمانێتییەكیان پێكهێناوە، بەڵام بێ‌ گەڕانەوە بۆ گۆڕان، یەكێتی ئەنجامی دەنگەكانی لە هەولێر رەتكردەوە.
كارزان گەردی، بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەولێر بە بواری راگەیاند: "سەرەڕای تێبینییەكان هەڵبژاردنی ئەمجارە وەكو هەڵبژاردنی 2018 نەبووە كە ئەوكات دەستكاری ئەنجامەكان كرا، بەڵام ئەمجارە دەستكاری ئەنجامەكان نەكراوە".
گوتیشی: "كێشەی تەكینكی هەبووەو هەندێك ئامێر تاوەكو هەڵبژاردنیش تەواو بوو كاری نەكردووە، هەروەها چەند بریكارێكمان هەڕەشەیان لێكراوە تەنانەت بریكارێكمان كە ئافرەت بوو زۆر بە توندی پەلامار دراوە، جگە لەوە لە ناوەندەكانی دەنگدان كادری پارتی لە حەوشەی بنكەكان خەڵكی ئاراستە كردووەو لە دووری 50 مەتریش هەڵمەتی ریكلام هەبووە، بۆیە لەسەر ئەو بابەتانە سكاڵا تۆمار دەكەین".
رێكخراوی ئاوایی سەوز كە چاودێریی زیاتر لە 30 بنكەی دەنگانی لە سنووری هەولێر كردووە، چەندین پێشێلكاری لەسەر دەنگدانی سنوورەكە تۆمار كردووە.
رێبین سەباح، سەرۆكی رێكخراوی ئاوایی سەوز لە هەولێر بە بواری راگەیاند: "پێشێلكارییەكان جۆراوجۆران، لەوانە؛ لە قوتابخانەیەكی گەڕەكی تەیراوەی هەولێر ئامێری دەنگدان بۆ ماوەیەكی زۆر براوەتەوە دەرەروەی بنكەكە، هەروەها چاودێرو نوێنەری لایەنەكان شریتی دەنگدانیان پێنەدراوەو هێزێكی زۆری سەربازی لەناو بنكەكان سووڕانەتەوە تەنانەت بەڕێوەبەری ئاسایشی دارەتوو چۆتە بنكەكانی دەنگدان بۆ ئاراستەكردنی دەنگدەران. موختارو بەرپرسی رێكخراو و كادرانی پارتی لەپێش بنكەكان خەڵكیان ئاراستە كردووە بۆ دەنگدان و خەڵكیش ترسێندراوە".
رێبین سەباح، ئاماژەی بەوەشكرد: "زیاتر لە 50 ئامێری دەنگدان لەسۆران و رواندوز لەكارخراون و بەدەست دەنگدراوە".
لەسەر رەخنە و تێبینی لایەنەكان لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەولێر، بوار پەیوەندی بە لقی هەولێری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد، بەڵام ئامادەنەبوون لێدوان بدەن.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color