گرنگ

داوای یەكگرتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی دەكرێت


 

 

ئەندامێكی خانەی راپەڕاندن‌ پێشنیازی كردووەو جڤاتی گشتی‌و نیشتمانیش تاوتوێی دەكەن

بوارنیوز، سلێمانی
ئەندامێكی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان پێشنیازی كردووە، كە بزووتنەوەكەی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی یەكبگرێتەوەو پێشنیازەكەش لەلایەن جڤاتی گشتی‌و نیشتمانی تاوتوێدەكرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دراوە بەبوارنیوز، لەكۆبوونەوەی رۆژی 12ی ئەم مانگەی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، ئاسۆ رەحیم ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان پێشنیازی كردووە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی یەكبگرنەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لەكۆبوونەوەكە گفتوگۆ لەو بارەوە كراوەو بۆچوونی جیاوازیش هەبووە، بڕیارە ئەو پێشنیازە یەكێك بێت لەو پێشنیازانەی بۆ تێپەراندنی ئەو دۆخەی گۆڕانی تێكەوتووە تاوتوێبكرێت‌و بەدەنگدان یەكلابكرێتەوە.

بزووتنەوەی گۆڕان ساڵی 2009 دامەزرا، ئەوەش دوای ئەوەی لەساڵی 2006 نەوشیروان مستەفاو چەند سەركردەیەكی ئەوكاتی یەكێتی لەو حیزبە جیابوونەوە.

ئێستاو دوای دەركەوتنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كە لە 10ی ئەم مانگە بەرێوەچوو، گۆڕان بە دۆخێكی خراپدا تێپەڕدەبێت، بەهۆی ئەوەی هیچ كورسییەكی پەرلەمانی نەبردووە.

نەبردنی كورسی لەناو گۆڕان كاردانەوەی خراپی دروستكردووەو بەو هۆیەشەوە داوای دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی كراوە، ئەمە جگە لەخستنەرووی چەند پێشنیازێكی تربۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە.

رۆژی سێ‌ شەممە جڤاتی گشتی گۆڕان كۆبووەوەو بڕیارە رۆژی چوار شەممە 14ی تشرینی یەكەم جڤاتی نیشتمانیش كۆبوونەوە بكات‌و بڕیار لەبارەی ئەو پێشنیازانە بدات، كە لەكۆبوونەوەی جڤاتی گشتی كراوە.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color