گرنگ

بافڵ تاڵەبانی بڕیارەكانی گۆڕان رادەگرێت


 

ئامانجی سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ گردی زەرگەتە

بوار نيوز، سليماني

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڕیارەكانی بزووتنەوەی گۆڕانی راگرت، ئەوەش دوای ئەوەی بەسەردانێكی چاوەڕواننەكراو چووە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان.

بافڵ تاڵەبانی ئێوارەی رۆژی چوار شەممە 13ی تشرینی یەكەم سەردانی گردی زەرگەتەی لەسلێمانی كرد، كە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕانەو لەگەڵ عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی ‌و شاندێكی باڵای بزووتنەوەكە كۆبووەوە.

سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی هاوكات بوو لەگەڵ كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، كە كۆبوونەوەكە بۆ بڕیاردانبوو لەسەر پێشنیازەكانی دەستلەكاركێشانەوەی رێكخەری گشتی‌و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن‌و كشانەوەی گۆڕان لەحكومەتی هەرێم‌و حكومەتە خۆجێییەكانی پارێزگاكان.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو گۆڕان دراوە بەبوارنیوز، بەهۆی سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی سەرجەم بڕیارەكانی گۆڕان‌و كۆبوونەوەكانی جڤات راگیراون.

هەر بەپێی زانیارییەكان، بافڵ تاڵەبانی لەكۆبوونەوەكەی لەگەڵ عومەر سەید عەلی‌و شاندی باڵای گۆڕان، داوای كردووە پەلە نەكەن لەبڕیارەكان‌و بەوردی تاوتوێی هەر بڕیارێك بكەن، ئینجا دەریبكەن.

ئەمە لەكاتێكدایە رۆژی 10ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرێوەچوو، كە بۆ ئەو هەڵبژاردنە گۆڕان‌و یەكێتی هاوپەیمانیان هەبوو، بەڵام گۆڕان هیچ كورسییەكی پەرلەمانی نەبردەوە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، بافڵ تاڵەبانی جەختیكردووەتەوە، كە ئەوان سوورن لەسەر بەردەوامی كاری پێكەوەیی لەرێگەی هاوپەیمانی كوردستان‌و بەشێوەیەك لەشێوەكان كاریش دەكەن بۆ ئەوەی قەرەبووی گۆڕان بكەنەوە.

بەهۆی ئەوەی گۆڕان هیچ كورسییەكی پەرلەمانی نەبردووەتەوە، فشارێكی زۆر لەسەر سەركردایەتی بزووتنەوەكە هەیە بۆ ئەوەی دەستلەكاربكێشنەوەو گۆڕانیش لەحكومەتی هەرێم‌و حكومەتە خۆجێییەكان بكشێتەوە.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color