گرنگ

بەپێی راپۆرتی بریکاری حیزبەکان لەسەر سندوقەکانی دەنگدان پارتی لەهەولێر حەوت کورسی بردووەتەوە نەک یازدە کورسی


 

 

بوار نیوز، هەولێر
بەپێی ئەو داتایانەی لەکاتژمێری یەکەمی دوای داخستنی سندوقەکانی دەنگدان لەلایەن بریکاری حیزبەکانەوە بۆ مەکتەبی هەڵبژاردنی حیزبەکانیان نێردراون لەهەولێر ژمارەی کاندیدە دەرچوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەباشترین حالەت حەوت کەس بوون، دواتر بەپێی ئەو بەڵگانەی هەن هەر یەک لەفەیسەڵ کەریم خان و عەبدولستار مەجیدو هەرێم کەمال ئاغاو مژدە ئیسماعیل لەکاندیدە دەرچووەکان بوون، بەڵام دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە ناوی ئەو چوار کاندیدە لەلیستی کاندیدە دەرچووەکان نەبوون.
رۆژی دواتر هەر یەک لەفەیسەڵ کەریم خان و عەبدولستار مەجید کاندیدانی دەرنەچوی پارێزگای هەولێر رایانگەیاند دەستکاری دەنگەکانیان کراوە، ئەگەرنا دەنگی پێویستیان بۆ مسۆگەرکردنی کورسییەکانیان بەدەستهێناوە.
عەبدولستار مەجید، کاندیدی کۆمەڵی دادگەری لەسنوری بازنەی چواری پارێزگای هەولێر کە بەوتەی خۆی زیاتر لە 15 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام دەنگەکانی کەمکراونەتەوە بۆ ئەوەی کاندیدێکی دیکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبازنەکەی ئەودا سەرکەوتو بێت.
هەروەها فەیسەڵ کەریم خان، لەڕاگەیاندراوێکدا جگە لەدەنگدانی تایبەت 28 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام ژمارەی دەنگەکانی کەمکراوەتەوە، بۆیە سەردانی شاری بەغدا دەکات بۆ ئەوەی تانە لەبڕیارەکەی کۆمسیۆن بدات لەبارەی ژمارەی دەنگەکانی کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە بڵاوکراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوزیش هەر یەک لەمژدە ئیسماعیل و هەرێم کەمال ئاغا کاندیدانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەپارێزگای هەولێر بەهەمان شێوەی دوو پەرلەمانتارەکەی دیکە تانەیان لەراگەیاندراوەکەی کۆمسیۆن داوە لەبارەی راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان و پێیان وایە بەشێک لەسندوقەکانی دەنگدان دەستکاری کراون و بەشێک لەدەنگەکانیان سوتێندراوە. بەگوتەی خۆیان بەڵگەی پێویستییان پێشکەشی کۆمسیۆن کردووە.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color