گرنگ

گروپێکی فشار لەناو یەکێتی پێکدەهێنرێت داوای دەستلەکارکێشانەوەی


 

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی‌و مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەکەن

بوار نیوز، سلێمانی

گروپێکی فشار لەناو یەکێتی نیشتمانی پێکدەهێنرێت‌و داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی‌و مەکتەبی سیاسی حیزبەکەیان دەکەن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دراوە بە بوارنیوز، لەچەند رۆژی رابردوودا، کۆمەڵێک کادری ناوەندیی ‌و پێشکەوتووی یەکێتی، گفتووگۆیان کردووە، بۆ ئەوەی گروپێکی فشار بۆ سەر سەرکردایەتی حیزبەکەیان دروست بکەن.

هەر بەپێی زانیارییەکان لەهەنگاوی یەکەمدا گروپەکە کاردەکەن بۆ فراوانکردنی فشارەکان‌و دواتر بەفەرمی داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی‌و مەکتەبی سیاسی.

زانیارییەکان باس لەوەش دەکەن، ئەو گروپە هۆکاری پێکهێنان‌و فشارەکانیان بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، کە سەرکردایەتی‌و مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەرکەوتوو نەبوون لەچارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی حیزبەکە، هەروەها کەمبوونەوەی دەنگی یەکێتی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

یەکێتی نیشتمانی لە مانگی تەمووزی رابردووەوە، بەقەیرانێکی ناوخۆیی تێپەڕ دەبێت، ئەوەش بەهۆی کێشەی نێوان هەردوو هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگی‌و بافڵ تاڵەبانی، کە کێشەکان تائێستاش بەردەوامی هەیە.

بە هۆی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی، ئەو حیزبە لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە لە 10ی تشیرینی یەکەم بەرێوەچوو، ژمارەی دەنگەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکرد، بەتایبەتی لەپارێزگای کەرکوک‌و هەولێر، کە ئەمە کاردانەوەی جۆراوجۆری لەناوخۆی یەکێتی دروست کردووە.

بوارنیوز ئەوەشی زانیوە، ئەو گروپە لەهەنگاوی یەکەم فشار دەخەنە سەر سەرکردایەتی‌و مەکتەبی سیاسی بۆ ئەوەی دەستلەکاربکێشنەوە، ئەگەر کاریگەری نەبوو، ئەوە هەنگاوی تر دەگرنە بەر.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color