گرنگ

هەرێمی کوردستان 8 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتوە لەهێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکانی هەرێم

2021-10-26

 

 

بوار نیوز، دهۆک
شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای تورکیا و پەکەکە لە سنوورەکانی نێوان باکوورو باشووری کورستان بە تایبەتی لە پارێزگای دهۆک بەردەوامەو هێزەکانی تورکیا بە قۆڵایی چەندین کیلۆمەترێک هاتوونەتە نێو سنووری هەرێمی کوردستان و شەڕ لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە دەکەن. چەندین بنکەی سەربازییان دروستکردووەو بەردەوام فڕۆکە جەنگییەکانیان بۆردوومانی گوندو ناوچە سنورییەکانی ئەو پارێزگایە دەکەن.

لە دەرئەنجامی بەدواداچوونێکی مەیدانیی بوار نیوز، زەرەرو زیانەکانی ئەو شەڕە بەزیاتر لە 8 ملیار دۆلار دەخەمڵبَندرێت.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانەکانی دهۆک، بە گشتیی لەو پارێزگایە ملیۆنێک و 750 هەزار دۆنم دارستان هەیە، سنووری دهۆک لەگەڵ تورکیا بە زنجیرە دارستان و پاوانێک دیاریکراوە لە شاخە سەختەکان، کە زیاترە لە 100 هەزار دۆنم دەبێت.

بەپێی وتەی کاوە سەبری بەڕێوەبەری دارستان و پاوانەکانی دهۆک "ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمساڵ لە سنووری سێ شارۆچکەی (دەرکار، باتیفا، کانی ماسێ) ئەنجام دراون کە زیاترە لە 20 گوندو بەر بۆردوومان و شەڕەکانی نێوان هێزی چەکداری پەکەکە و هێزەکانی تورکیا کەوتوون و بە دەیان هەزار دۆنم دارستان و پاوان و بێستانەکانی میوە وشکبوون، یان سووتاون و بڕیویانن، یان مەترسی لەناو چوونیان لەسەرە".

وتیشی "یەک دۆنم دارستان و پاوان ئەگەر بە شێوەی زانستیی دارەکانی بڕوێنن بۆ هەر دۆنمێک کە 2500 مەترە دەتوانرێت 625 دار بڕوێندرێت، بە دووری 4 مەتر لە نێوانیان، بەڵام لەبەر ئەوەی زنجیرە دارستانەکانی سەر سنوور سرووشتین، بە تێکڕا هەر دۆنمێک 200 داری جیاوازی بۆ خەمڵێندراوە کە سەرەکیترینیان (داربەڕوو، دار مازی، دار گێوژ، دارقەزوان) و چەندین گژو گیای دیکەن کە بە سەرچاوەی داهاتی خەڵکی ئەو ناوچانە دادەنرێن.

کاوە سەبری دەڵێت، "بەرهەمی ئەم دارستانانە نزیکەی 15 ٪ ـی کۆی بەرهەمی دارستان لە پارێزگای دهۆک پێکدەهێنێت و نرخی بەرهەمەکانی ئەم دارستانانە لە بازاڕەکان داهاتی ساڵانەی یەک دۆنم لەم پاوانانە بە 5 ملیۆن دینار دەخەمڵێنرێت، بە سووتان یان بڕینی ئەم دارستانانە پێویستی بە تێکڕای 30 ساڵ هەیە بۆ ئەوەی دووبارە دارستانەکانی ئەم ناوچەیە بگەنە ئاستی بەرهەمهێنان، چونکە تەمەنی دارەکان لە نێوان 5 بۆ 100 ساڵ دەبێت، کەواتە بەرهەمی ساڵانەی دارستانە لەناوچووەکان بۆ 30 ساڵ دەبێتە 150 ملیۆن دینار بۆ هەر دۆنمێک دارستان.

لە سنووری پارێزگای دهۆک بە تایبەتی ئەو ناوچانەی تێیدا شەڕی نێوان هێزەکانی چەکداری پەکەکە و هێزەکانی تورکیا و ئۆپەراسیونەکانی تورکیا بەردەوامە، نزیکەی 25 هەزار دۆنم بێستانی بەرهەمهێنانی میوە هەن کە 15 هەزار دۆنمی بەرهەمی سێون و 10 هەزار دونمی بەرهەمی ترێیە.

هەر دۆنمێک سێو بە تێکڕا 150 داری تێدایە کە ساڵانە 3.750 تۆن بەرهەمی سێو هەیە، یەک کیلۆگرامی سێویش لە بازاڕەکان بە 300 دینارە کەواتە یەک تۆن سێو بە 1.250 ملیون دینارە.

کەواتە بۆ ئەمساڵ لە بەرهەمی سێو 11 ملیون دۆلار زەرەر بەر بێستانەکانی ئەم ناوچانە کەوتوون. هەروەها 10 هەزار دۆنمی ترێ زەوی و بێستانی بەرهەمهێنانی میوە کە سەرەکیترینیان ( گێلاس، هەنار، قەیسی گویز، باوی، و ... هتد.) بە تێکڕایی بۆ هەر دۆنمێک لەم بیستان و زەوییە کشتوکاڵییانە 150 داری بەرهەمهێنەر هەن کە ساڵانە هەر داریک 25 کیلۆگرام بەرهەمی هەیەو یەک کیلۆگرام لەم بەرهەمە بە 500 دینارە لە بازاڕەکان کە داهاتی ساڵانەی ئەم زەوییە کشتوکاڵییانە دەبێتە 12.500 ملیون دۆلاری ئەمریکی.

بەکۆی بەرهەمی ساڵانەی زەوییە کشتوکاڵییەکان بەرهەمی سێو و بەرهەمی جۆراوجور لە میوە بەرهەم دەهێنن کە دەبێتە 25 هەزار دۆنم و دەکاتە 23.750 ملیون دۆلار، کە زەرەو و زیانی سووتان و وشکبوونیان بەرکەوتووەو پێویستی بە 10 ساڵە تاوەکو دووبارە ئەم زەوییانە بگەنە ئاستی بەرهەم هێنان دوای وشککردنیان.

کەواتە کۆی گشتی زیانەکانی زەوی کشتوکاڵی و بەرهەمی میوە دەبێتە زیاتر لە287 ملیۆن دۆلار، هەروەها ئەو زیانانەی بەر بە 40 هەزار دۆنمی پاوان و دارستانەکان کەوتوون بە 12 ترلیۆن دینار دەخەمڵێندرێت کە دەبێتە 8 ملیار دۆلاری ئەمریکی.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color