گرنگ

ژەهراوى بوون بە جیوە چییە و تا چەند ترسناکە ؟


 

 

د. زانا ئەحمەد
پزیشکى پسپۆڕى هەناو

چەند ڕۆژێکە مەسەلەى (ژەهراوى بوون بە جیوە) بووەتە جێباس، لێرەدا دوور لە سیاسەت و نزیک لە زانست دەیخەینە بەر باس.
جیوە توخمێکى کیمیاییە، بە شێوەى جیاواز لە ژینگەدا هەیە، لەوانە لە خواردندا، بەڵام بە بڕی کەم. زیاتر خواردنە دەریاییەکان جیوەیان تێدایە، بەتایبەت ماسی لە جۆرەکانى سەلەمۆن و تونا.
ژەهراوى بوون بە جیوە بەهۆى خۆراکەوە باوە، بەڵام بە شێوەیەکى گشتى ژەهراوى بوونێکى ساکارە و مەترسییەکى وا لەسەر تەندروستى دروست ناکات. کەسی هەراشیش کەمتر پێى کاریگەر دەبێت وەک لە منداڵ و ژنى دووگیان، هەر بۆیە ئامۆژگاریی ئەمانە دەکرێت کەمتر ماسی بخۆن.
ژەهراوى بوون بە جیوە دەشێت لە ڕێی خواردن و هەڵمژین و دەست بەر کەوتنەوە ڕوو بدات. نیشانەکانیشی بەپێى چەند فاکتەرێک دەگۆڕێت، کە گرینگترینیان جۆرى جیوەکە و بڕەکەیەتى. گرینگترین ئەو ئەندامانەى جەستە کە جیوە کاریان تێدەکات، مێشک و دەمارەکانن، بەو پێیەش کەسەکان تووشی شڵەژانى دەروونى لە شێوەى دڵەڕاوکێ، خەمۆکى و لەبیرچوونەوە دەبن، سڕ بوون و دەست لەرزین ڕوودەدات. بەتایبەت ئەوانەى بە توندى تووشی دەبن، کێشەیان بۆ دروست دەبێت لە بینین، بیستن، قسە و ڕێ کردن. ئەوانەى کە بڕی زۆر دەچێتە لەشیانەوە، ئەم حاڵەتانەیان درێژە دەکێشێت و بەزەحمەت چاک دەبنەوە. کۆمەڵێک نیشانەى دیکەشیان لێدەردەکەوێت وەک زیاد بوونى ئارەقە، لیک، لێدانى دڵ و فشارى خوێن.
حاڵەتەکە بە نیشانەکان و ئەگەرى بەرکەوتن مەزەندە دەکرێت و بە پێوانى ئاستى توخمەکە لە موو، خوێن و میز یەکلا دەکرێتەوە. تا ئێستا چارەسەرێکى واشى نییە، هەندێک داوودەرمان هەن کە وا دەکەن مەترسیی گیان لەدەست دان کەم بکەنەوە، بەڵام بەهۆى ئەوەى هەندێک جار دەبنە هۆى ئەوەى ماددەکە زیاتر لە مێشک و گورچیلە کۆ ببێتەوە، فرمانى ئەو دوو ئەندامە زیندەییەى لەش خراپتر دەبن.
لە ساڵى 2008ەوە بەکارهێنرانى جیوە لە تیرۆرى بایۆلۆژیدا کەوتووەتە بەر باس، ئەمەش دواى ئەوەى سێ چالاکى دژبەرى حکوومەتى ڕوسیا ئەو وڵاتەیان تۆمەتبار کرد بەوەى بە جیوە ژەهراوى کردوون و هەوڵى تیرۆر کردنى داون.
وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا گرینگترین خاڵ جۆرى جیوەکەیە، لە کاتێکدا جۆرى Methylmercury کێشەى زۆر جددى ناخاتەوە، جۆرەکانى دیکەى وەک Dimethylmercury، دەکرێت دەست کەوتن بە چەند گەردێک لە تۆزى، ببێتە هۆى مردن. جۆرێکى دیکەشی Mercuric cyanideە، کە ئەمیشیان زۆر کوشندەیە، چونکە هەر جیوە لەخۆ ناگرێت، بەڵکو (سیاناید)یشی لەگەڵدایە، کە ماددەیەکى ناسراوە بەوەى وەک چەکی کیمیایی بەکار دەهێنرێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color