گرنگ

لە خوێندنی پارالێڵ حکومەتی هەرێم، زیاتر لە 21 ملیار دیناری دەستدەکەوێت


 

 

بوار نیوز، تایبەت
ئەمساڵ زیاتر لە نیوەی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان دەبێت بە پارە (پارالێل) لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بخوێنن، کۆی گشتی ئەو پارەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە خوێندنی پارالێل دەستیدەکەوێت زیاترە لە 21 ملیار دینار.
بۆ ئەمساڵی خوێندن 63 هەزارو 325 قوتابی پۆلی 12ی ئامادەیی دەرچوونە، کە 41.11% بە خۆڕایی و 58.89%شیان دەبێت بە پارە (پارالێڵ) لە زانکۆ و پەیمانگەکان بخوێنن.
بەپێی ئەو بەدواداچوونەوەی ئاشنا عەبدوڵا، ئەندامی لێژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان ئەنجامیداوە، دەرکەوتووە پێش دروست بوونی کێشە بۆ خوێندکارانی 12ی ئامادەیی، لێژنەکە لە 8ی ئەیلول و 5ی تشرینی یەکەمی 2021 شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵای بانگهێشت کردووە، بەڵام "وەڵامی داواکەی لێژنەکەیان نەدراوەتەوە".
ئاشنا عەبدوڵا، ئاماژە بەوە دەکات "جگە لەوەی ژمارەکی زۆر لەو خوێندکارانەی نمرەی بەرزیان هێناوەو بەخواستی خۆیان وەرنەگیراون، هاوکات 18%ی خوێندکاران ناویان لە هیچ شوێنێک نەگەڕاوەتەوە".
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: "جگە لە کەمکردنەوەی رێژەی وەرگیران، هێشتا چوار هەزارو 67 کورسی بە بەتاڵی ماونەتەوە، کە پێویستە پڕبکرێنەوە بۆ ئەمەش دەبێت خوێندنی خۆڕایی زیاد بکرێت".
بەبڕوای ئەو پەرلەمانتارە، نەبوونی پلانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دروست نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵاو پەرورەدەی حکومەتی هەرێمی کوردستان "کێشەی زۆری بۆ خوێندکاران زیاد کردووە".
ئاشنا عەبدوڵا، گوتیشی: "راگەیاندنی بڕیاری کەمکردنەوەی 45%ی کرێی خوێندن لە زانکۆ تایبەتەکان پێش راگەیاندنی ئەنجامی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان، بۆ ئیغراکردنی خوێندکاران بووە تاوەکو روو لە زانکۆو پەیمانگە تایبەتەکان بکەن".
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، بە زیادکردنی رێژەی خوێندنی بە پارە (پارالێڵ) وادەکات ئەمساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان "21 ملیارو 24 ملیۆن و 435 هەزار دیناری دەسبتکەوێت".
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خوێندکارانی وەرنەگیراو، وەزیری خوێندنی باڵا بڕیاریداوە چارەسەری کێشەکەیان بکات و پلانی وەرگرتنی خوێندکاری زیاتر لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان جێ بەجێ بکات.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color