گرنگ

هەرێمی کوردستان وردەکاری قەرزەکانی بۆ پەرلەمان نانێرێت


 

 

حکومەت لە 12 ملیار دۆلاری قەرزی فەرمانبەران هیچ بڕە پارەیەکی ناگەڕاندۆتەوە

بوار نیوز، تایبەت
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەجیاوازی نرخی فرۆشتنی نەوتەکەی، پارەی کۆمپانیا نەوتییەکان دەداتەوە، بەڵام ئامادەنییە وردەکاری قەرزەکانی بەڕەسمی بۆ پەرلەمانی کوردستان بنێرێت.
عومەر گوڵپی، ئەندامی لێژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی کوردستان بەبوارنیوزی راگەیاند: "کۆمپانیای دانەگاز کۆی قەرزەکانی ساڵانی (2019- 2020)ی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتۆتەوە، بەمەش رێژەی قازانجەکانی لەکێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی میسر 117% زیادیکردووە".
گوتیشی: "جگە لە دانەگاز، کۆمپانیاکانی دیکەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە نهێنی قەرزەکانیان دەدرێتەوە، بەڵام حکومەتی هەرێم ئامادەنییە وردەکاری ئەو قەرزانە بەرەسمی بۆ پەرلەمان بنێرێت، تەنانەت ساڵێکە بەڵێنی ناردنی لیستی قەرزەکانی ناردووە کەچی تاوەکو ئێستا بەڵێنەکەی نەبردۆتەسەر".
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی رەتیکردۆتەوە، دانەوەی قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان کاریگەری لەسەر دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران هەبووبێت، گوتیشی: "زۆربەی قەرزەکان دراونەتەوە".
جوتیار عادل، ئاماژەی بەوەشکرد: "داهاتی مانگانەی حکومەتی هەرێم دەگاتە 680 ملیۆن دۆلار، بۆیە سەرەڕای دابینکردنی مووچە، حکومەت بەردەوام دەبێت لە دانەوەی قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان".
لەبارەی شێوازی دانەوەی قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، عومەر گوڵپی دەڵێت: "دانەوەی قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان لەجیاوازی نرخی نەوتەوەیە، بەشێوەیەک نزیکەی ساڵێکە، مانگانە تەنیا 300 ملیۆن دۆلارێک دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی، لەکاتێکدا پێشتر نرخی نەوت 30 دۆلار بووە، ئێستا گەیشۆتەوە سەرووی 80 دۆلار، بۆیە بەو جیاوازییە پارەی کۆمپانیا نەوتییەکان دەدرێنەوە".
کۆمپانیای دانەگاز؛ گەورەترین کۆمپانیای تایبەتە لەکەرتی گازی سرووشتییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەساڵی 2005 دامەزراوەو لە ئیمارات، میسرو هەرێمی کوردستان کار دەکات.
لە 2007دا، کۆمپانیای دانەگاز رێککەوتنێکی لە بواری وزە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوەو لەو کاتەوە کار لەبواری گازی سروشتی هەرێمی کوردستان دەکات.
تاوەکو 31ی ئازاری 2021 کۆی قەرزو پابەندە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ 31 ملیار دۆلارو 637 ملیۆن دۆلار زیاد بووەو بەشی گەورەی قەرزەکە مووچەی پاشەکەوت کراوی فەرمانبەرانە کە 12 ملیار دۆلارە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color