گرنگ

ئۆفەرێکی روسیا بۆ كوردانی رۆژئاوا


 

 

ئەمریكا رازییە بەڕێككەوتنی كوردو حكومەتی سوریا

بوارنیوز:
روسیا وەك دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەری كێشەی كورد لەرۆژئاوای كوردستان ئۆفەرێكی پێشنیازكردووەو ئەمریكاش بە ناوەڕۆكی ئۆفەرەكە رازییە.

ناوەڕۆكی ئۆفەرەكەی روسیا بۆ ئیدارەی خۆسەری لەرۆژئاوای كوردستان لەچەند پێشنیازێك پێكهاتووەو وەك هەوڵێك دەیبینێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئیدارەی خۆسەری‌و حكومەتی سوریا، ئەمە جگە لەكۆتایی هێنان بەهەڕەشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان.

ئۆفەرەكەی روسیا بریتییە لەهەڵكردنی ئاڵای سوریا لەسەرجەم ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان، لەگەڵ دابەشكردنی داهاتی نەوتی رۆژئاوا لەنێوان هەردوو حكومەتی سوریاو ئیدارەی خۆسەری بەشێوەیەك لەسەدا 75 داهاتی نەوت بۆ حكومەتی دیمەشق بێت‌و لەسەدا 25 بۆ ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان.

هەروەها ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان بە فەرمی دان بە سەرۆك بوونی بەشار ئەسەد وەك سەرۆكی سوریا بنێت، لەبەرانبەریشدا حكومەتی سوریا دان بەدەسەڵاتی لامەركەزی بۆ كوردانی رۆژئاوا دەنێت.

هاوكات حكومەتی سوریا دان بە سەرجەم مافەكانی كوردانی رۆژئاوای كوردستان وەك هاووڵاتی سوری دەنێت‌و دەشكرێت گفتوگۆی زیاتر بكرێت بۆ ئەو پرسە، ئەوەش بەئەنجامدانی كۆبوونەوە لەنێوان شاندی هەردوولا.

لەبارەی هەڵوێستی ئەمریكا لەبەرانبەر ئەو ئۆفەرەی روسیا، واشنتۆن رازییە بە رێككەوتنی هەردوو ئیدارەی خۆسەری‌و حكومەتی سوریا، جەختیشیكردووەتەوە، ئەگەر ئەو پێشنیازانەی مۆسكۆ چارەسەری كێشەكان دەكات، ئەوە ئەوان پێی رازی دەبن.

لەو بارەوە بەدران چیا كورد، هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی ئیدارەی خۆسەری لەرۆژئاوای كوردستان‌و باكووری سوریا دەڵێت: روسیا دەیەوێت گەڕێكی نوێی گفتوگۆ لەنێوان دیمەشق‌و قامیشلۆ بەرێوەبچێت.

چیا كورد دەشڵێت: ئێمە بەلایەنی روسیمان وتووە ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق، بەڵام بەو مەرجەی بەرچاومان بۆ چارەسەری كێشەكان روون بێت.

ئەو جەختیكردووەتەوە، دەبێت لەهەردوولاوە ئیرادە هەبێت بۆ گفتوگۆ، چونكە ئەوە بنەمای چارەسەری كێشەكان دەبێت، باسی لەوەش كردووە، كە ئەو ئیرادەیە بە پشتیوانی ناوخۆیی‌و هەرێمی‌و نێودەوڵەتی دروست دەبێت.

باسی لەوەش كردووە، راستە هەوڵی نێودەوڵەتی هەیە بۆ چارەسەری لەسوریا، بەڵام چەند وڵاتێك لەوانە توركیا دژی ئەو هەوڵانەن، ئەوەش بووەتە كێشەی بەردەم گفتوگۆكانی نێوان قامیشلۆو دیمەشق.

كێشەی كوردانی رۆژئاواو حكومەتی سوریا لەدوای ساڵی 2011وە سەریهەڵداوە، ئەوەش دوای ئەوەی گەلانی سوریا لەدژی رژێمەكەی بەشار ئەسەد راپەڕین، چەند جارێكیش گفتوگۆ لەنێوان هەردوولا بۆ چارەسەری كێشەكان كراوە، بەڵام نەگەیشتووە بەئەنجامی كۆتایی.

هەر لەو بارەوە ئاڵدار خەلیل هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكرات (پارتی دەسەڵاتداری رۆژئاوای كوردستان)، جەختیكردووەتەوە، كە دەبێت رژێمی سوریا ئیرادەی هەبێت بۆ چارەسەرو بە پێشنیازەكان‌و رازی بێت‌و ئامادەی جێبەجێكردنیشی بێت.

ئاڵدار خەلیل دەشڵێت: ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ، ئامادەشین بۆ تاوتوێكردنی ئەو پێشنیازانەی حكومەتی روسیا بۆ چارەسەری كێشەی سوریا خستوویەتییە روو.

ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەیەكە حكومەتی توركیا دەستی بەهەڕەشەكانی كردووەتەوە بۆ هێرشكردنە سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان، كە ئەمەش كاردانەوەی ناوخۆیی‌و نێودەوڵی تێكەوتووەتەوە.

توركیا بە بیانووی بوونی رێكخستنەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە دەیەوێت هێرشبكاتە سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان‌و ئێستاش گەمارۆكانی بۆ سەر چەند ناوچەیەكی كوردی چڕكردووەتەوە.

لەدوای ساڵی 2011وە زۆربەی ئەو ناوچانەی سەرچاوەی نەوت‌و غازیان تێدایە لەسوریا، كەوتووەتە دەست ئیدارەی خۆسەری لەرۆژئاوای كوردستان، كە ئێستا رێژەی 80 لەسەدای هەناردەی نەوت لەو ناوچانەوە دەكرێت.

روسیا دەیەوێت بەم هەنگاوە ئابووری دیمەشق ببوژێنێتەوە، كە چەند ساڵێكە بەهۆی شەڕەكانی سوریا تەواو دارووخاوە، توانای هەستانەوەی نییە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color