گرنگ

شەڕێكی نوێی توركیا لەدژی كورد


 

 

توركیا چەكی ئاو لەدژی كوردانی رۆژئاوای كوردستان بەكاردەهێنێت
بوارنیوز:
حكومەتی توركیا لەرێگەی چەكدارەكانی لەباكووری سوریا، دەیەوێت ئاو وەك چەكێك لەدژی كوردانی رۆژئاوای كوردستان بەكاربهێنێت.

توركیا دەیەوێت لەرێگەی ئاوی رووباری خاپوور ئەو چەكە لەدژی كوردانی رۆژئاوا بەكاربهێنێت‌و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش لەو بارەوە هۆشداری دەدەن، كە رەنگە ئەو هەنگاوە كارەساتی مرۆیی لێبكەوێتەوە.

بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان "سوپای نیشتمانی سوری"، كە هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی سوریایەو لەلایەن توركیاوە پشتیوانی دەكرێت، ئێستا سەرقاڵی دروستكردنی بەنداوێكن لەسەر رووباری خاپوور.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، هەڵكەوتەی بەنداوەكە لەشوێنێك دەبێت، كە رێگری دەكات لەگەیشتنی ئاوی رووبارەكە بە رووباری فورات لەنزیك پارێزگای دێرەزوور لەباكووری سوریا.

هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا، كە لەلایەن توركیاوە پشتیوانی دەكرێت دەستیان بەسەر زۆرێك لەناوچە سنوورییەكانی نێوان توركیا و سوریا گرتووە، ئەوەش كاریگەری لەسەر ناوچە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان داناوەو ئەو هێزانە هەمیشە بە مەترسی دادەنرێن بۆ سەر ئەو ناوچانە.

راپۆرتێكی رێكخراوی "باكس" هۆڵەندی چەند وێنەیەكی بڵاوكردووەتەوە، كە لەڕێگەی مانگە دەستكردەكانەوە گیراوەو تێدا دەردەكەوێت، ئەو هێزە سورییانەی نزیك لەتوركیا سەرقاڵی دروستكردنی بەنداون لەسەر رووباری خاپوور.

راپۆرتەكە باسی لەوەش كردووە، ئەوە شەڕێكی نوێی حكومەتی توركیایە بەرانبەر كوردانی رۆژئاوای كوردستان‌و دەیانەوێت ئاو وەك چەكێك لەدژی كوردان بەكاربهێنن.

هەروەها لەراپۆرتەكەدا باس لەوە كرا، بەهۆی كەمبارانییەوە ئاستی ئاو لەناوچە جیاوازەكانی سوریا تەواو نزمبووەتەوەو ئەم هەنگاوەش كاریگەری گەورە دادەنێت لەسەر رێژەی ئاو لەو ناوچانە.

راپۆرتی رێكخراوەكە هۆشداریداوە لەوەی ئەگەر رێگری لەم هەنگاوە نەكرێت، لەداهاتوو لەچەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستان‌و باكووری سوریا كارەساتی مرۆیی دروست دەبێت.

راپۆرتەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، هێزەكانی سوریا جگە لەهەنگاوی یەكەم بۆ دروستكردنی بەنداو، كە لە 22 مایۆی ئەمساڵ دەست بەدروستكردنی كراوە، دوو ناوچەی تر دیاریكراوە بۆ دروستكردنی دوو بەنداوی تر لەسەر رووبارەكە.

درێژی رووباری خاپوور 320 كیلۆمەترەو لەتوركیاوە دێتە خاكی عێراق‌و سوریاو دواتر دەرژێتە رووباری فورات، ئەوەش لەپارێزگای حەسەكە، كە سەرچاوەیەكی باشە بۆ دانیشتوانی ناوچەكە، چ بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە، چ بۆ بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی.

رێكخراوەكە جەختیشیكردووەتەوە، كە دەبێت بەزوویی لایەنە نێودەوڵەتییەكان بێنە سەر خەت‌و رێگری لەو هەنگاوەی توركیاو هێزە چەكدارەكانی بكەن، بۆ ئەوەی بەر لەروودانی كارەساتی مرۆیی لەناوچەكە بگرن.

پێشتریش چەند جارێك حكومەتی توركیا چەكی ئاوی لەدژی كوردانی رۆژئاوا بەكارهێناوە، ئەوەش بەگرتنەوەی ئاوی بەنداوی عەلۆك لەپارێزگای حەسەكە، كە ئەوەش بووەتە هۆی مەترسی بۆ سەر دانیشتوانی پارێزگاكە، كە نزیكەی یەك ملیۆن كەس دەبن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color