گرنگ

لەکۆی 505 ملیار دینار قەرزی کارەبای سلێمانی، تەنیا 121 ملیار دینار لای هاوڵاتیانە


 

 

"داهاتی مانگی ڕابردووی کارەبای سلێمانی 37 ملیار دینار بووە"

بوارنیوز، سلێمانى
بەوتەى بەرپرسى بەشى ڕاگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى کارەباى سلێمانى تا 30/9/2021 کۆى گشتى قەرزى کارەبا گەیشتووەتە 505 ملیارو 70 ملیۆن دینار، بەجۆرێک 238 ملیار دینارى لاى کارگەو شوێنە پیشەسازییەکانەو زیاد لە 121 ملیار دیناری لاى هاوڵاتیانە، هاوکات فەرمانگە حکومییەکانیش نزیکەى 98 ملیار دینارى قەرزارى حکومەتن، دەشڵێت هەتا هاووڵاتیان زیاتر کارەبا بەکاربهێنن نرخەکەى لەسەریان زیاد دەکات.

سیروان محەمەد، بەرپرسى بەشى ڕاگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى گشتى کارەباى سلێمانى بە بوارنیوزى ڕاگەیاند: لەئیستادا قەرزە کەڵەکە بووەکانى وەزارەتى کارەبا لاى هاووڵاتیان و فەرمانگە حکومییەکان و شوێنە بازرگانى و پیشەسازى و کشتوکاڵییەکان لەسنورى پارێزگاى سلێمانى تا بەروارى 30/9/2021 گەیشتووەتە 505 ملیارو 70 ملیۆن دینارى تێپەڕاندووە، بەجۆرێک لە کۆى ئەو پارەیە 238 ملیارو 662 ملیۆن دینارى قەرزى شوێنە پیشەسازى و کارگەکانە، هەروەها 121 ملیارو 373 ملیۆن دینارى قەرزە لاى هاووڵاتیان، فەرمانەگە حکومییەکانیش 97 ملیارو 880 ملیۆن دینار قەرزى کارەبایان لایە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕى 40 ملیارو 973 ملیۆن دینار لاى شوێنە بازرگانییەکانەو بڕى شەش ملیارو 180 ملیۆن دینار لاى شوێنە کشتوکاڵییەکانە.

ئاماژەى بەوەشکرد، داهاتى بەڕێوەبەرایەتى کارەباى سلێمانى لەمانگى راِبردوودا بریتی بووە لە 37 ملیار دینار، بۆیە لە ئێستادا ئەو قەرزانە گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە بەتایبەت کە لەسەرەتاى ئەم مانگەوە وەزارەتى کارەبا بڕیاریداوە بە ڕێژەى لە %15 لێخۆشبوون بۆ قەرزى کارەبا بخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە ئەمە هاندەرێکى باش دەبێت بۆ ئەوەى هاووڵاتیان و ئەو شوێنانەى قەرزى کارەبایان لایە قەرزەکانیان بگەڕێننەوەو سود لەو داشکاندنە وەربگرن.

ئەو بەرپرسەى بەڕێوەبەرایەتى کارەباى گشتى سلێمانى ئەوەشى خستەڕوو، لەگەڵ بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار حکومەتیش نرخى کارەباى بۆ هەر یەکەیەک لە 15 دینارەوە زیاد کردووە بۆ 18 دینار، لەگەڵ ئەوەشدا هەتا هاووڵاتیان زیاتر کارەبا بەکاربهێنن ئەوا نرخەکەش لەسەریان زیاد دەکرێت بە جۆرێک هەموو ماڵێک مانگانە بۆیان هەیە 450 یەکە بەکار بهێنن بە نرخى 18 دینار بۆیان حساب دەکرێت، بەڵام ئەگەر لەو بڕە زیاتریان بەکار هێنا ئەوا نرخەکە لە 18 دینارەوە دەبێتە 24 دینار، بەکارهێنانى زیاد لە 900 یەکە ئەوا نرخەکەى دەبێتە 36 دینار بەو جۆرە هەتا زیاد کارەبا بەکاربهێنی نرخەکەى زیاتر دەبێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color