گرنگ

نهێنی چوونی شاندەكەی پارتی بۆ بەغدا چییە؟


 

 

پارتی دەیەوێت لایەنە شیعەكان رێككەوتن بكەن‌و گرفت بۆ پێكهێنانی حكومەت دروست نەكەن

بوارنیوز، سلێمانی
پارتی دیموكرات دەیەوێت لایەنە شیعەكان رێككەوتن بكەن‌و گرفت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق دروست نەكەن، بۆ ئەوەش دەستی بەنێوەنگیری لایەنە شیعەكان كردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دراوە بە بوارنیوز، ئەو شاندەی چەند رۆژی رابردوو چوونە بەغدا بە مەبەستی نیوەندگیری لایەنە شیعەكانی عێراق چوونەتە ئەو شارە.

هەر بەپێی زانیارییەكانی ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی، كە بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی لێدوان داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، پارتی نایەوێت پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ عێراق زیاتر دوابكەوێت، بۆیە دەستی بەنێوندگیری لایەنە شیعەكان كردووە.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی وتیشی: هەڵوێستی لایەنە شیعەكان لەگفتوگۆكانیان لەگەڵ شاندەكەی پارتی ئەرێنی بووەو جەختی لەوەش كردەوە، چەند رۆژی داهاتوو ئەنجامی ئەو هەوڵانە دەردەكەوێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كە لە 10ی تشرینی یەكەمی رابردوو بەرێوەچوو، كێشە لەنێوان لایەنە شیعەكان دروستبووەو ئەوەش بووەتە هۆی بەربەستی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە.

بەشێك لەلایەنە شیعەكان، كە نزیكین لەئێران، ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەكەنەوەو باس لەوە دەكەن، كە لەهەڵبژاردن ساختەكاری لەبەرژەوەندی چەند لایەنێك كراوەو باس لەوەش دەكەن، رێگەنادەن بەبێ‌ ئەوان حكومەتی نوێ‌ پێكبهێنرێت.

شاندەكەی پارتی هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی سەرۆكایەتی دەكراو بەقسەی ئەندامەكەی سەركردایەتی ئەو حیزبە، پارتی لەهەوڵەكانی بە مەبەستی گەیاندنی لایەنە شیعەكان بە رێككەوتن بەردەوام دەبن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color