بوار وردەکاریی کێشە ناوخۆییەکانی یەکگرتوو بڵاودەکاتەوە
رەوتێکی ناڕازی نوێ دروست بووە
بوار لە هەولێر؛ بهدواداچوونی تایبەت
بەهۆی دەرنەچوونی لە دوایین کۆنگرەی حیزبەکەیدا بۆ ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، فەرهاد مەلا ساڵح، یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی یەکگرتوو لە هەولێر، سەرکردایەتی رەوتێکی ناڕازی دەکات لەناو حیزبەکەیدا...
ئەمەش کێشەی ناوخۆیی بۆ حیزبەکە دروستکردووە، کرۆکی کێشەکەش بەهۆی “شارچییەتییەوەیە لە نێوان هەولێری و سلێمانی”ییەکان.
رەوتێکی ناڕازی نوێ دروست بووە
فەرهاد مەلا ساڵح بەشێکی زۆری کادیرە دیارەکانی یەکگرتووی لە هەولێر لە دەوری خۆی کۆکردوونەتەوە بە ناوی ئەوەی لەنێو یەکگرتوودا "هەولێرییەکان" مەغدوورن و هیچ پۆستێکی باڵایان پێنەدراوە.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتوویی ئیسلامیی کوردستان پێکهاتووە لە 35 ئەندامی هەڵبژێردراو، لەگەڵ بەرپرسی مەڵبەندەکان لە شارەکان.
هەولێرییەکان جگە لە بەرپرسی مەڵبەندەکان لەنێو ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئەو حیزبە دوو ئەندامی دیکەیان هەیە، ئهوانیش؛ محەممەد هاودیانی و کەژاڵ هادین.
لە دوای کۆنگرەی حیزبەکەیانەوە هەولێرییەکان خۆیان بە پەراوێزخراو دەزانن لەو ئەنجوومەنە، بۆیە هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستێکی باڵا دەدەن.
سەڵاحەدین بەهائەدین بەڵێنی پێداون
بهپێی به دواداچوونهكانی بوار، بەشێک لەو کادیرانەی یەکگرتوو کە لەلایەن فەرهاد مەلا ساڵحەوە ئاراستە دەکرێن، لە ماوەی رابردوودا سەردانی سەڵاحەدین بەهائەدینیان کردووە و داوای پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاری یەکگرتوویان لێکردووە بۆ فەرهادی مەلا ساڵح.
بهپێی پهیڕهویش، سەرۆکی ئەنجوومەن راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو کە پێشتر پێی دەگوترا ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
لە کۆبوونەوەكهدا ئەمینداری یەکگرتوو بەڵێنی یەکلاکەرەوەی بەو کادیرانە نەداوە، بەڵام خودی سەڵاحەدین بەهائەدین هەبوونی فەرهادی مەلا ساڵح لە ئەنجوومەنی جێبەجێکردن بەپێویست دەزانێت، بەهۆی پهیوهندی بههێزی لهگهڵ بهشێك له لایهنه سیاسییهكان.
فەرهادی مەلا ساڵح لە هەڵبژاردنێکی گرنگدا دۆڕاوە
بوار زانیویهتی، له كۆبووهكانی ئهم دوایهی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوودا، هەڵبژاردن بۆ پۆستی ئەنجوومەنی راوێژکاری کراوە و دوو کەس بۆ ئەو پۆستە خۆیان کاندید کردووە، فەرهاد مەلا ساڵح و عومەر مەلائیکە.
دواجار بە بەدەستهانی 17 دەنگ بەرامبەر 15 دەنگ ئەو پۆستە لە بەرژەوەندیی عومەر مەلائیکە یەکلایی بووەتەوە. ههربۆیه وەرنەگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاری لەلایەن فەرهادی مەلا ساڵح، جارێکی دیکە ئەو کادیرانەی یەکگرتووی توڕە کردووە کە نزیکن لە فەرهادی مەلا ساڵحەوە.
ههر بهپێی زانیارییهكان، لای خۆیەوە سەڵاحەددین بەهائەدین لە دانیشتنێکی دیکەی سەرکردایەتی یەکگرتوو بە بیانووی هەبوونی ناڕەزایەتی لەسەر پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاری، پێشنیازی هەڵپەساردنی ئەو پۆستەی بۆ عومەر مەلائیکە کردووە.
بەڵام بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکگرتوو پێویست بوو ئەو پێشنیازەی سەڵاحەدین بەهائەدین دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی سەکردایەتی بەدەستبێنێت کە دەکاتە 29 دەنگ، بەڵام تەنیا 25 دەنگی بەدەستهێناوە.
دەستپێشخەرییەک لە محەممەد هاودیانییەوە
لەدوای ئەو هەوڵەش بۆ بەدەستهێنانی پۆستێک بۆ فەرهادی مەلا ساڵح، جارێکی دیکە ناڕەزایەتییەکان سەریان هەڵداوەتەوە، بەڵام ئەمجارەیان محەممەد هاودیانی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەکردایەتی دەستپێشخەری کردووە بۆ ئەوەی سلێمانییەکانی ناو ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ڕازی بکات بەوەی پۆستێکی باڵا بدرێت بە هەولێرییەکان.
بهپێی زانیارییهكان، ئەنجامی ئەو هەوڵەی محەممەد هاودیانی بەوە گەیشتووە، پۆستی سەرۆکی دەستەی بەدواداچوونی یەکگرتوو، کە یەکێک لە پۆستە باڵاکانی ئەو حیزبەیە، بدرێت بە کادیرێکی هەولێری.
سلێمانییەکانی ناو یەکگرتووش ڕەزامەندییان دەربڕیوە ئەو پۆستە بدەن بە کادیرێکی هەولێری بەو مەرجەی ئەو کادیرە عەلی گردەسۆری بێت، کە کادیرێکی دیاری یەکگرتووە لە هەولێر.
بەڵام رەوتەکەی فەرهادی مەلا ساڵح بەو پێشنیازە رازی نەبوون و پێیانوایە دەبێت ئەو پۆستە باڵایەی دەدرێت بە هەولێرییەکان دەبێت فەرهادی مەلا ساڵح وەریبگرێت.
تۆمەتی نزیکبوون لە پارتی دەدرێتە پاڵ فەرهادی مەلا ساڵح
بوار زانیویهتی، سلێمانییەکانی نێو ئهو حیزبه پێیانوایە فەرهادی مەلا ساڵح پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە، بۆیە ئامادەنین هیچ سازشێک بۆ ناوبراو بکەن و دەڵێن ئەگەر ئەو رەوتە لە خەمی هەولێر دان، دەبێت رازی بن بەوەی (عەلی گردەسۆری) پۆستێکی باڵای پێبدرێت کە کادیرێکی دیاری ئەو حیزبەیە لە هەولێر.
بهپێی زانیارییهكانی بوار، دوایین هەوڵ ئەوەیە سەڵاحەدین بەهائەدین بەڵێنی بە رەوتی فەرهادی مەلا ساڵح داوە کە جارێکی دیکە پێشنیازی هەڵپەساردنی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورا لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بخاته دەنگدانهوه.
بوار، لهوبارهیهوه پهیوهندی به ژمارهیهك سهركرده و گوتهبێژی فهرمی ئهو حیزبهوه كرد، ههموویان زانیارییهكانیان پشتڕاستكردهوه، بهڵام ئامادهنهبوون هیچ لێدوانێكی فهرمی لهوبارهیهوه بدهن و به كێشهیهكی ناوخۆی حیزبیان زانی. فەرهاد مەلا ساڵحیش گوتی: "هیچ بابەتێک لە گۆڕێ نییە."
تێبینی/ چەمکی "هەولێرییەکان و سلێمانییەکان" لەنێو یەکگرتوودا بەکاردێت. دەزگای میدیایی بوار بەمەبەستی گوزارشتکردن و روونکردنەوەی کێشەکان وەکو خۆی، بەهەمانشێوە چەمکەکانی بەکارهێناونەتەوە