بوارنیوز، بەغدا
لەگەڵ تێپەڕینی مانگێکی تەواو بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە لە 10ی تشرینی یەکەمی رابردوو بەرێوەچوو، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەتەواوی ئەو تانەو سکاڵایانە چووەتەوە، کە لەئەنجامی هەڵبژاردنەکە تێپەڕیوە.
بەپێی پێداچوونەوەی تانەو سکاڵاکانو ئەژمارکردنەوەی دەنگی چەندین وێستگە بەشێوەی دەستی، ئەنجامی هەڵبژاردنەکە وەک خۆی ماوەتەوەو گۆڕانکاری ئەوتۆی بەسەر نەهاتووە.
لەگەڵ ئەوەی کۆمسیۆن جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ساختەکاری نەکراوە، بەڵام تا دێت بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان گومانەکانیان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکە زیاتر دەکەنو بەو هۆیەشەوە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رەتدەکەنەوە.
رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەلایەن بەشێک لەلایەنە شیعەکان، کە نزیکین لەئێران بووەتە گرفتی بەردەم راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقو ناردنی ئەنجامەکان بۆ دادگای فیدراڵی بۆ پەسەندکردنی.
ئێستا بەهۆی زیادبوونی فشارو گرژییەکان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن، لایەنی ئێرانی هاتووەتە سەر هێڵو دەیەوێت لایەنەکان بەگشتیو لایەنە شیعەکان بەتایبەتی بگەیەنێت بە چارەسەرێکی ناوەندی بۆ پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنو پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
ئەو لایەنە شیعانەی نزیکن لەئێران ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە، بەڵام تاران ئێستا لەپشتگیری تەواوی ئەو لایەنانە پاشەکشەی کردووەو دەیەوێت بڕوایان پێبهێنێت، بەوەی لەگەڵ لایەنە براوەکانی تر بگەنە رێککەوتنێکی ناوەندیو بەهاوبەشی حکومەتی نوێ پێکبهێنن.
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکانی عێراق، گۆڕانکاری لەهەڵوێستی ئێران لەپشتگیری تەواوی لایەنە شیعەکانی نزیک لەخۆی لەدوای هاتنی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی هێزی قودسی ئێرانی بۆ بەغداوە بووە، کە ناوبراو رۆژی دوو شەممە 8ی تشرینی دووەم سەردانەکەی ئەنجامداو لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارو مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
سەردانەکەی ئیسماعیل قائانی یەک رۆژ دوای هێرشی موشەکی بەسێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بوو بۆ سەر ماڵەکەی مستەفا کازمی، کە رۆژی یەک شەممە 7ی تشرینی دووەم ئەنجامدراو بەهۆیەوە چەند پاسەوانێکی سەرۆک وەزیران برینداربوون.
هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن، ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە، لایەنە شیعەکانی نزیک لەئێرانن، کە پێشتر بەهۆی رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن، راستەوخۆ چەندین جار هەڕەشەیان لە مستەفا کازمی کرد.
ئەو هێرشە کاردانەوەی ناوخۆییو نێودەوڵەتیشی لێکەوتەوە، کە دوای هێرشەکە کازمی هەڕەشەی لەو لایەنانە کرد، لەپشت ئەنجامدانی هێرشەکەوە بوونو جەختیکردەوە، سزای ئەو کەسانە دەدات، دەستیان لەو هێرشە هەبووە.
ئەو هەڕەشانە وای کرد، کە ئێران راستەوخۆ بێتە سەر هێڵو کار بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بکات، بۆیە ئیسماعیل قائانیش سەردانی بەغدای کردووەو داوای لەکازمی کردووە، دان بەخۆیدا بگرێتو دەبێت هەموویان کار بۆ ئەوە بکەن، دۆخەکە هێوربکەنەوە، نەک زیاتر ئاڵۆزی بکەن.
هەر بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکانی عێراق، قائانی پێشنیازی ئەوەی کردووە، کە دەبێت لایەنە شیعەکان فشارەکانیان کەمبکەنەوەو دەست بەگفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنی پێکهبَنانی حکومەتی نوێ.
زانیارییەکان باس لەوەش دەکەن، ئێران بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان داوای ئەو لایەنانەی نزیک لەخۆی رەتکردووەتەوە، کە داوای هەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن، بۆ ئەوەی فشارەکان لەسەر حکومەتی عێراقو کۆمسیۆن کەمبێتەوە.
هەروەها پێشنیازی کردووە، حکومەتی نوێی عێراق حکومەتی زۆرینە بێتو سەرۆک وەزیران وەک خولەکانی پێشوو بدرێت بەلایەنە شیعەکانو سەرۆک کۆمار بۆ کوردو سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ سووننەکان.
لەو بارەوە سەرکردە لە تەیاری حیکمە حەسەن فەدعم دەڵێت: دۆخەکە لەوە زیاتر هەڵناگرێتو ئەگەر فشارو گرژییەکان زیاتر بن، ئەوە بەدڵنیایی دۆخی عێراق زیاتر خراپ دەبێتو رەنگە بەتەواوی بتەقێتەوە.
حەسەن فەدعم دەشڵێت: پێویستە لەسەر لایەنەکان دان بەخۆیاندا بگرنو دۆخەکە بەرەو هێورکردنەوە بەرنو دەست بەگفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنو حکومەت بە بەشداری زۆرینەی لایەنەکان پێکبهێنن.
گرفتی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق ئەوەیە لایەنە شیعەکان دابەشی دوو بەرە بوون، کە بەرەیەکیان موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر سەرۆکایەتی دەکاتو بە بردنەوەی 73 سێ کورسی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەو داوای پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە دەکات.
لەبەرانبەردا لایەنەکانی تر، کە نزیکن لەئێران ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە، کە گەورەترین کوتلەی ئەو لایەنانەی ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە لیستی دەوڵەتی یاسایە، کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکاتو 34 کورسی پەرلەمانیان بردووەتەوە.