گرنگ

پەرلەمانی نوێی عێراق، کەی یەکەمین کۆبونەوەی ئەنجام دەدات؟


 
بەرپرسێکی کۆمسیۆن:
بەلایەنی کەم مانگێکی دیکە دەتوانرێت ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن پەسەندبکرێت
بوارنیوز، سلێمانى
بەرپرسى ئۆفیسى سلێمانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئاشکرایکرد لە ئێستادا کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان کارکردنى لەسەر تانەکان کۆتایى پێهێناوەو بژاردنەوەى دەستى دەنگەکانیش کۆتایى هاتووە، ئەنجامى تانەکان و هاوپێچەکانى ڕادەستى دەستەى دادوەرى کردووە بۆ پەسەندکردنیان، بۆیە دەبێت لەماوەى 10ى ڕۆژى داهاتوودا وەڵامى کۆمیسیۆن بداتەوە، پاشان ئەنجامەکان ڕەوانەى دادگاى باڵاى فیداراڵى دەکرێت بۆ پەسەند کردنیان کە لەوێش 15ى رۆژى پێویستە بۆ وڵامدانەوە.
ئامانج عەزیز، بەرپرسى ئۆفیسى سلێمانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە بوارنیوزى ڕاگەیاند: دواى ئەوەى لەماوەى ڕابردوودا لەلایەن هەندێک هێزو لایەنى سیاسى تانە لەئەنجامى سەرەتایى هەڵبژاردنەکان دراو داواى دووبارە ژماردنەوەى دەستى دەنگەکانیان کرد، لە ئێستادا ئەو دوو پرۆسەیە هەردوکى کۆتایى هاتووە چ کارکردن لەسەر تانەکان چ ژمارەدنەوەى دەستى دەنگەکان، بۆیە کۆمیسیۆن ئەنجامى تانەکان و هاوپێچەکانى ڕەوانەى دەستەى دادوەرى کردووە بۆ پێداچوونەوەو پەسەندکردنیان.
ئاماژەى بەوەشکرد، "دواى ئەوەى دەستەى دادوەرى بڕیارى لەسەر تانەکان و ئەنجامەکاندا، دواتر لایەنى زەرەرمەند دەتوانێت جارێکى دیکە تانە لەو بریارەى دەستەى دادوەریش بداتەوە، بەڵام ئەگەر هیچ تانەیەک نەبوو ئەوا دەبێت لەماوەى 10 ڕۆژدا دەستەى دادوەرى وەڵامى کۆمیسیۆن بداتەوە، پاشان ئەنجومەنى کۆمیسیارانیش ڕاستەوخۆ ئەنجامەکان ڕەوانەى دادگاى فیدراڵى عێراق دەکات بۆ پەسەند کردنیان لەوێش ماوەى 15 ڕۆژى پێویست دەبێت بۆ پەسەندکردنى ئەنجامەکان".
بەرپرسى ئۆفیسى سلێمانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەوەشى خستەڕوو، بەپێی ئەو ڕێکارە یاساییانە بێت بەلایەنى کەم ماوەى مانگێکى دیکەى دەوێت بۆ ئەوەى ئەنجامەکان پەسەند بکرین، لەدواى پەسەندکردنى ئەنجامەکانیش لەلایەن دادگاى فیدراڵى عێراقەوە، ڕاستەخۆ پەرلەمان دەتوانێت بە سەۆکایەتى بەتەمەنترین پەرلەمانتار کۆببێتەوە، پاشان سەرۆک کۆمارى نوێ هەڵدەبژێردێت، دواتریش سەرۆک کۆمار گەورەترین کوتلەى پەرلەمانى رادەسپێرێت بۆ پێکهێانى کابینەى نوێى حکومەت.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color